سلێمانی – INA
سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، گۆڕستانەكانی ئەو شارە جێگای بە خاك سپاردنی مردوویان تێدا نەماوە. سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند:" شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری سەرجەم هاوڵاتییانی شارەكە دەكاتەوە، سەرجەم گۆڕستانەكانی سنووری شارەوانیی سلێمانی جێگای بەخاك سپاردنی مردوویان تێدا نەماوە".
سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی لەراگەیەندراوێكدا كە كۆپییەكی دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوت تێیدا هاتووە: ئاگاداری سەرجەم هاوڵاتیانی شاری سلێمانی دەكات، كە سەرجەم گۆڕستانەكانی سنوری شارەوانیی سلێمانی جێگای ناشتنی مردوی تیانەماوە، بۆیە داواكارن لە هاوڵاتیانی پێویستە بۆ لەمەودوا مردوەكانیان لەگۆڕستانی نوێی سلێمانی لەسەر ڕێی هوانە نزیك شاری مامۆستایان بەخاك بسپێرن.
روونیشیكردەوە:" گۆڕستانەكانی سلێمانی جێگای بە خاك سپاردنی تێدا نەماوە و قەرەباڵغییەكی زۆری دروستكردووە لەناو شاردا، ئەمەش ناڕەزایی هاوڵاتییانی لێكەوتووەتەوە، هەركەسێك پابەند نەبێت بە داواكەمان ناچارین رێككاری یاسایی بەرامبەر بگرینە بەر"