بەغداد - INA
نەجم جبوری پارێزگاری نەینەوا ئەمڕۆ یەكشەممە، هۆكاری دواكەوتنی جێبەجێكردنی دوو پرۆژە بەهۆی گواستنەوەی روبەر لەمعەسكەری غەزالی بۆ پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان و جێبەجێكردنی فڕۆكەخانەی موسڵ ڕوونكردەوە و ئاشكراشیكرد: پرۆژە گرنگەكان تەواوكراون و ئومێددەكرێت بكرێنەوە.
جبوری لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند: ئەنجومەنی وەزیران چەندین ڕێنمایی لەبارەی پارێزگاكەوە دەركردووە كە بەشێكی زۆریان جێبەجێكراون، بەڵام هێشتا بڕگە سەرەكیەكان لە قۆناغی لەجێبەجێكردندایە وەك دۆسیەی تەرخانكردنی روبەری ماوەی معەسكەری غەزالی بۆ شارەوانی موسڵ بەمەبەستی دامەزراندنی پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان.
رونیشیكردەوە: هێشتا زەوی معەسكەرەكە نەگوازراوەتەوە بۆ شارەوانی پارێزگای نەینەوا و ئەمەش بووەتە هۆی دواكەوتنی چەندین پڕۆژە بەتایبەتی لەبواری وەبەرهێنان و دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون.
فڕۆكەخانەی موسڵ
جبوری ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئەنجومەنی وەزیران تائێستا بڕیاری كۆتایی لەسەر پرۆژەی فڕۆكەخانەی موسڵ دەرنەكردووە و پارێزگاكە چاوەڕێی مۆڵەتە بۆ دەستپێكردنی پرۆژەكە، وتیشی: پارێزگاكە پێشنیاریكردووە، ئەگەر قەرزی فەڕەنسی هێشتا ماوە، با بۆ پرۆژەی فڕۆكەخانە نێودەوڵەتی خەرجبكرێت.
راشیگەیاند: هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوەی موسڵ بەم نزیكانە دەست پێدەكات، وتیشی: هیواخوازە لە هەفتەكانی داهاتوودا پردی 1140 مەتری گوێر بكرێتەوە كە موسڵ بە پارێزگای كەركوك و هەروەها بە ناوچەكانی پارێزگای هەولێرەوە دەبەستێتەوە.
مانگی ئابی داهاتوو چەندین پرد دەكرێتەوە
پارێزگاری نەینەوا ئاشكراشیكرد: لە مانگی ئابی داهاتوودا پردی چوارەم كە كۆمپانیایەكی توركی جێبەجێیدەكات و پردی پێنجەم كە كۆمپانیایەكی میسری "ساید كامل" جێبەجێیدەكات، تەواو دەبن.
وتیشی: باقی پردەكان تەواو بوون، وەك پردی سێیەم و پردی ئازادی و پردی ئاسنین و لەماوەی مانگێكدا پردی هاوتەریبی پردی ئاسن تەواو دەبێت، جگە لە دوو پردی دیكە لەسەر ڕووباری خوسەر كە یەكێك لەو پردە لە ناوچەی گەڕەكی فەلاح و پردێكی دیكە لە ناوچەی فەیسەلیە تەواو بوو كە پردی ئاسن بە فەیسەڵیە لەسەر ڕووباری خوسەر دەبەستێتەوە، ڕێژەی تەواوبوونەكەشی زیاتر لە سەدا 85 بوو لەگەڵ كردنەوەی پردی بادووش و پردێكی تر لەنێوان ناحیە وانە لە باكوری موسڵ لەبەری چەپی دیجلە كە خزمەت بەچەندین گوندی تەلەعفەر و ڕەبیعە و تەواوی ناوچەی ڕۆژئاوا دەكات.
قوتابخانەكان تەواوبوون
جووری، وتیشی: ژمارەی ئەو قوتابخانەو خوێندنگایانەی كە تەواوبوون 335 خوێندنگا بوون، هەروەها 92 خوێندنگاش لەسەر قەرزی چینی و 14 خوێندنگاش لە ڕێگەی جێبەجێكردنی كۆمپانیاكانەوە دەستیپێكردووە.
خزمەتگوزاری تەندروستی
پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند: كۆمەڵگەیەكی گەورەی تەندروستی بە توانای 100 قەرەوێڵەیی لە ڕەبیعە تەواو بووە و كەلوپەلەكانی گەیشتوون و ئەوانی تریش تەنها گرێدانی ئەو لەسەر هێڵی فریاكەوتن بۆ ئەوەی ئامادەبێت خزمەتگوزاری پێشكەش بە خەڵكی باكوری ڕۆژئاوای نەینەوا بكات.
وتیشی: كاركردن لە نەخۆشخانەی حسێن لە تەلعەفەر بەردەوامە و هەروەها كۆمەڵگەی نەخۆشخانەیەكی بە هەمانشێوە بە توانای 200 قەرەوێڵەی تەواو و ئامادەیە بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری و هەروەها كۆمەڵگەیەكی تەندروستی تەواو لە بەعاج بەڕێوەدەچێت.
پڕۆژە تەندروستییە زیادەكان
وتیشی: 35 بنكەی تەندروستی نوێ لە سەرانسەری پارێزگاكە تەواو بووە و نەخۆشخانەكەش تەواو بووە، جگە لە دەستپێكردنی هێنانی كەلوپەلە تایبەتەكانی نەخۆشخانەی نەخۆشیەكانی خوێن لە دەرەوەی عێراق و هاوكات پزیشكەكان بەنیازن خولێكی ڕاهێنان لەسەر ئامێرەكان وەربگرن و لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا نەخۆشخانەكە بەهەموو خزمەتگوزارییەكانەوە ئامادەبێت.