بەغدا – ا ه ع حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران لەیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا رایگەیاند: تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە دڕندانەترین تاوانی رژێمی بەعس بوو، دەشڵێت عێراق تەواوی پاشماوەكانی چەكی كیمیایی لەناوبردووە. لەوبارەیەوە نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەیك بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) نێردراوە، لە زاری سەرۆك وەزیرانەوە رایگەیاند: " رۆڵەكانی گەلەكەمان و جیهان ئەمڕۆ یادی كارەساتی هەڵەبجە دەكەنەوە كە لەلایەن رژێمی لەناوچوو كیمیاییباران كرا، ئەو تاوانە كە ویژدانی جیهانی هەژاند، بووە هۆی شەهیدبوونی هەزاران كەس لە رۆڵەكانی گەلی كوردمان". دەشڵێت "لە كاتێكدا ئەو یادە بەئازارە دەكەینەوە، جەخت لەسەر یەكدەنگی گەلەكەمان دەكەینەوە، شانازی بە تێكەڵاوبوونی خوێنی كورد و تەواوی عێراقییەكان دەكەین لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، كە هێزەكانی پێشمەرگە لە پاڵ براكانیان لە سوپای عێراق جەنگان تا بەدەستهێنانی سەركەوتنی گەورە". سەرۆك وەزیران راشیگەیاند "عێراق بەڵێنەكانی بۆ لەناوبردنی پاشماوەی چەكی كیمیایی بردووەتەسەر، كە رژێمی پێشوو لە هەڵەبجە و ناوچەكانی تری عێراق بەكاریهێناوە، لەوچوارچێوەیەدا عێراق بڕوانامەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوە پێدراوە".