بەغدا – ا ه ع باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق لە یادی سی ساڵیە كیمیابارانی هەڵەبجەدا پرسە و سەرەخۆشی خۆی راگەیاند. لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەیكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) نێردراوە، باڵیۆزخانەی ئەمریكا رایگەیاند: ئەمرۆ یادی سی ساڵەی كیمیابارانی دڕندانەی هەڵەبجەیە كاتێك رژێمی سەدەم حسێن چەكی كیمیایی بۆ كوشتنی زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی مەدەنی بێ تاوان بەكارهێنا لە ماوەی تەنها 20 خولەكدا و زیاتر لە دە هەزار كەسیش بریندار بوون. لە بەیاننامەیەكدا باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق ڕایگەیاند، نێردەی ئەمریكا وەك تەواوی جیهان بەشداری لە یادكردنەوەی ئەو هاوڵاتیانە دەكات كە لە كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا شەهید و برینداربوون. دەشڵێت "هاوسۆزی خۆمان ئاڕاستەی ئەو هاوڵاتیانە دەكەین كە تا ئێستا و دوای ٣٠ ساڵ كاریگەری كارەساتەكەیان لەسەر ماوە." هەر لە بەیاننامەكەدا، باڵیۆزخانەی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كردووە، لەم ڕۆژەدا پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵكی عێراق و هەوڵەكانیان دووپاتدەكەنەوە بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی كارەساتێكی دیكەی هاوشێوە.