هه‌ولێرـ INA
ئه‌مڕۆ چواشه‌ممه لهسهرۆكایهتیى هه‌رێمى كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان به‌ڕێوه چوو.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یندراوێكدا كه كۆپیه‌ك بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی (INA) ناردووه راگه‌یاند"له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕاشكاوانه په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوولا و دۆخى ئێستاى عیراق و هه‌رێمى كوردستان و زه‌مینه‌ى هاریكاریى هاوبه‌ش و كارى پێكه‌وه‌یى، تاوتوێ كرا.
هه‌ردوولا جه‌ختیان كرده‌وه كه دواى ده‌ستپێشخه‌رى و سه‌ردانى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ سلێمانى، زه‌مینه‌یه‌كى له‌بار بۆ گفتوگۆ و ئاساییكردنه‌وه و په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا و كاركردن بۆ گێڕانه‌وه‌ى متمانه‌ى نێوان هه‌ردوولا و هاریكاریى نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان له ڕێگه‌ى لێكگه‌یشتن و گفتوگۆوه، هاتووه‌ته ئاراوه.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی راگهیندراوهكدا هاتوو كه هه‌ردوولا بڕیاریان دا كه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كۆبوونه‌وه هاوبه‌شه‌كانى هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى و یه‌كێتى وه‌ك پره‌نسیپى كارى پێكه‌وه‌یى به‌رده‌وام بن، هه‌روه‌ها لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌شى مه‌كته‌بى سیاسیى هه‌ردوولا بێت بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان.
هه‌روه‌ها له ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختیان له هاوكارى و پاڵپشتیى هه‌ردوولا بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كورستان و داموده‌زگا شهرعییهكانى و به‌رده‌وامیى ڕاگرتنى هه‌ڵمه‌تى ڕاگه‌یاندنى دژ به یه‌كتر كرده‌وه.