بەغداد - INA
جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران حاكم زاملی ئەمڕۆ سێشەممە، تەئكیدیكردەوە: كە یاسای قەدەغەكردنی ئاساییكردنەوەو دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ قەوارەی زایۆنیست پێویستییەكە بۆ سەقامگیری لەعێراقدا.
نوسینگەی راگەیاندنی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: زاملی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆكی كوتلەی سەدر حەسەن عەزاری، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی لەگەڵ لیژنەی یاسایی پەرلەمان كرد، كە میوانداری ژمارەیەك لەنوێنەرانی دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەكانی كرد، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێشنیازی یاسای قەدەغەكردنی ئاساییكردنەوەو دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ قەوارەی زایۆنیست و گوێگرتن لەتێبینی و ڕاوێژی دەزگا ئەمنیەكان بە مەبەستی جێگیركردنیان لەیاساكەدا بەر لە پێشكەشكردنی بۆ دەنگدان لە پەرلەماندا.
بەپێی بەیاننامەكە زاملی تەئكیدیكردەوە: كە بەرپرسیارێتی یاسایی و نیشتمانی و ئەخلاقی هەموو ئەندامانی پەرلەمان ناچاردەكات دەنگ بەیاسای قەدەغەكردنی ئاساییكردنەوەو پێكهێنانی پەیوەندی لەگەڵ قەوارەی زایۆنیست بدەن كە وەك هێمایەك بۆ مێژوو تۆماردەكرێت بۆ ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمان و داواشی لەلیژنەی یاسایی كرد كارەكانیان لەسەر یاساكە چڕبكەنەوەو بە خێراترین كات تەواوی بكەن.
هەروەك ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامبوونی ئەنجامدانی كۆبوونەوەكانی لیژنەكە لەگەڵ وەزارەتەكان و دەزگا ئەمنییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد بۆ ئەوەی یاسایەكی بەهێز وەك پێویستییەك بۆ سەقامگیریی عێراق بێتە دی.
زاملی ئاشكراشیكرد: ئێمە نامانەوێت لەم یاسایەدا عێراق لە زۆنی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی گۆشەگیربكەین، و وتیشی: پپَویستە داڕشتنەوەكەی زۆر بەوردی بێت و مەبەستی دەركردنی یاساكە بەدەست بهێنێت.