بەغداد - INA
ئیحسان عەبدولجەبار ئیسماعیل وەزیری نەوت ئەمڕۆ یەكشەممە، لەگەڵ عەلی ڕەزا گۆنای باڵیۆزی توركیا لەبەغداد گفتوگۆیانكرد لەبارەی زیادكردنی توانای هەناردەكردن لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیەوە، دوای چارەسەركردنی ئاڵنگارییە یاساییەكان.
نوسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، رایگەیاند: وەزیری نەوت پێشوازیكرد لە باڵیۆزی توركیا لە عێراق، و لە دیدارێكدا باسیان لە پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و ڕۆڵی كۆمپانیا توركییەكان كرد لە پشتیوانیكردن و بەشداریكردن لە گەشەپێدانی پرۆسەی بەرهەمهێنان و پرۆژە نوێیەكانی وەزارەت و كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی.
بەپێی بەیاننامەكە وەزیری نەوت تەئكیدی لە گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لەگەڵ توركیا و كاركردن بۆ زیادكردنی توانای هەناردەكردن لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیەوە كرد، ئەوەش دوای چارەسەكردنی ئەو ئاڵنگارییە یاساییانەی ئێستا، لە بەرژەوەندیی عێراق لەڕێگەی پڕۆژە و ڕێككەوتنی نوێوە.
بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: هەر لەو دیدارەدا باس لەگرنگترین پێشهاتەكانكرا لەجێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی (59) بۆ ساڵی 2012 و گرنگی پیشخستنی پیشەسازی نەوتی.
لەلایەن خۆیەوە باڵیۆزی توركیا خواستی وڵاتەكەی دەرببڕی بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات لەخزمەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەكاندا.