بەغداد/ INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، مستەفا کازمی ، سەرۆکوەزیرانی عێراق پشتیوانی هەمیشەیی عێراقی بۆ لوبنان لە قەیرانەکانیدا دووپاتکردەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە راگەیەندراوێكدا كە بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (INA ) گەیشتووە، ئاماژەی بەوەكردووە، "مستەفا کازمی سەرۆك وەزیران، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی "نەجیب میقاتی" سەرۆك وەزیرانی لوبنان كرد، بە بۆنەی سەرکەوتنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنان”.
بەپێی بەیاننامەکە کازمی پشتیوانی عێراقی بۆ حکومەت و گەلی برای لوبنان دووپات کردووە و ھیوای سەقامگیری و ئارامی خواست بۆ بەدیهێنانی ئەم هەنگاوە دیموکراسییە کە گوزارشت لە ئیرادەی گەلی لوبنان دەکات لە خواستەکانی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و بنیاتنانی دەوڵەت و بەدەستهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام.
کازمی جەختی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی برا و گرنگی هاوکاریی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکان کردەوە و ئاماژەی بە پشتیوانی هەمیشەیی عێراق بۆ لوبنان کرد لە قەیرانەکەیدا، بەمەبەستی بەرقراربونی ئاسایشی ناوچەکە.