هەولێر - INA
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هێزەكانیان توانییان گرووپێكی سەر بە پەكەكە دەستگیر بكەن و دەستیش بەسەر ژمارەیەك مووشەكی كاتیۆشادا بگرن، كە پلانیان بۆ ئەنجامدانی هێرشی مووشەكی بۆ سەر بەنداوی دهۆك و وێستگەی كارەبا و چەند شوێنێكی گشتیی و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان هەبوو.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا كەكۆپییەكی دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە تێیدا هاتووە ، لە هەوڵە بەردەوامەكانیان لەپێناو ئارامی و ئاسایش بۆ هاونیشتمانییان و هەرێمی كوردستان، هێزەكانی ئەنجومەنی ئاسایش و پێشمەرگەی كوردستان، رۆژی 4ی (ئایار/5)ی 2022 لە سنوری پارێزگای دهۆك، توانییان "گروپێكی تیرۆریستی سەر بە پەكەكە" دەستگیر بكەن كە لە 4 (چوار) كەس پێكهاتون، دەستیشیان بە سەر 9 (نۆ) موشەكی جۆری كاتیۆشای 107 ملم و سەكۆی موشەكیدا گرتوە.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، "لە ئاكامی لێكۆڵینەوەكان لەگەڵ ئەندامانی ئەو گروپە تیرۆریستییەدا دەركەوت، لە لایەن پەكەكەوە راسپێردراون تا هێرشی موشەكی بكەنە سەر (بارەگای لقی 17 پارتی، فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان، وێستگەی كارەبا، بەنداوی دهۆك و چەند شوێنێكی گشتیی دیكە)".