پۆلیسی سلێمانی: 3 تۆمەتبار دەستگیركران

ئەمنی
  • 16-05-2022, 12:17
  • +A -A

    سلێمانی - INA
    بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاند: لەدوو چالاكی جیادا مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سیتەك سێ‌ تۆمەتباریان دەستگیركرد كە دوو لەو تۆمەتبارانە بە تۆمەتی برینداركردنی ژنێك دەستگیركراون.
    بەشی راگەیاند وپەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: لە ڕوداوێكداو دوای ئەوەی دەنگی تەقە بیسترا لەیەكێك لە باخەكانی سیتەك ، دەستبەجێ‌ مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سیتەك گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكەو دەركەوت كە ژنێك بەفیشەك بریندار راوە ، لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران دەستیپێكردوو سەرئەنجام توانرا دوو تۆمەتبار دەستگیربكرێن و دەستیشبگیرێت بەسەر چەكێك لەجۆری دەمانچە كە تەقەی پێكرابوو.
    راشیگەیاند: لەئێستا هەردوو تۆمەتبار كە یەكێكیان تەمەنی 20 ساڵەو ئەوی تریشیان تەمەنی 39 ساڵە بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 405-31 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
    ئاشكراشیكرد: لەچالاكییەكی تردا مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سیتەك تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە بەچەقۆ هێرشیكردبووە سەر هاوڵاتییەك و برینداری كردبوو دواتر هەڵاتبوو، رونیشیكردەوە: لەئێستادا تۆمەتبار كە تەمەنی 23 ساڵە بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.