بەغدا- INA
ئەمڕۆ یەكشەممە، عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی وەزیری دارایی دووپاتیكردەوە كە بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە یاسای پاڵپشتی فریاگوزاری كاریگەری دەبێت لەسەر توانای ئێمە بۆ بەڕێوەبردنی دارایی گشتی.
عەللاوی لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) كەوتووە، ئاماژەی بەوەكردووە: ئەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی دەرچووە سەبارەت بە دەسەڵاتەكانی حكومەتی ئێستا كاردانەوەی گرنگی لەسەر كارەكانی وەزارەتی دارایی هەیە، لە راستیدا دادگا بڕیاریدا، كە ڕەشنووسی یاسای ئێستا سەبارەت بە پارەداركردنی فریاگوزاری كە لەلایەن حكومەتەوە پێشنیار كراوە لە دەرەوەی دەسەڵاتەكانی ئەم حكومەتەیە،بێگومان ئەمە ڕێگری دەكات لەم حكومەتە لە پێشنیاركردنی هیچ یاسایەكی بودجە بۆ ساڵی ٢٠٢٢.
ئاماژەی بەوەشكرد : وەزارەتی دارایی بە ئاگاداری تەواوی ئەنجوومەنی نوێنەران یاسای فریاگوزاری داڕشتووە، پێشنیازی پڕۆژەكەش گرنگییەكی زۆری هەبووە بۆ وەبەرهێنانی ئەو دەستكەوتانەی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە سەرهەڵدەدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا، ئەو كاڵایانە كە كاریگەرییان لەسەر هەژارانی وڵاتەكەمان هەبووە و بۆ بەرزكردنەوەی تواناكانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حاڵەتە لەناكاوەكانی خۆراك لە داهاتوودا، و بۆ دابینكردنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە، بۆ دانەوەی قەرزەكانی وەزارەتی كارەبا لەسەر هاوردەكردنی سووتەمەنی، و بۆ یارمەتیدان بەهێزكردنی بەربەستە داراییەكانی وەزارەتی دارایی.
ئاماژەی بەوەشكردووە: یاسایەكی لەو شێوەیە لە غیابی بودجەی ساڵی ٢٠٢٢دا پێویست بوو بەهۆی ئەو چەندین كێشەی دارایی كە حكومەت ڕووبەڕووی بووەوە،ئەم ڕەشنووسە یاسایە بە هیچ شێوەیەك مەبەست لێی نەبووە ببێتە جێگرەوەی بودجەیەكی تەواو.
ئاماژەی بەوەشدا: ئەو پرۆژە یاسایەی وەزارەتی دارایی پێشنیازی كردبوو، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسندكرا و پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەران كرا بۆ ئەوەی تاوتوێی بكرێت، ئەمڕۆش دادگای باڵا بڕیاری خۆی دەركرد، ئەوەش وایكرد پرۆژە یاساكە كارپێنەكرێت.
جەختیشیكردەوە، وەزارەتی دارایی بەتەواوی ڕێز لە بڕیارەكانی باڵاترین دادگای وڵات دەگرێت و كار بۆ جێبەجێكردنیان دەكات، بەڵام دەبێت ئەوە ڕوون بكەینەوە كە بڕیارەكەی دادگا كاریگەری لەسەر توانای ئێمە دەبێت بۆ بەڕێوەبردنی دارایی گشتی بە شێوەیەك كاریگەرییەكانی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا لە جیهاندا كەمدەكاتەوە و ڕێگە بە حكومەت دەدات داواكارییەكانی كەرتی كارەبا بەدیبهێنێت لەگەڵ سەرەتای هاویندا، جگە لە بێتوانایی لە دابینكردنی تێچووی دەرهێنانی نەوت لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە، و بۆ دروستكردنی كۆگایەكی یەدەگی دانەوێڵە.
ئاماژەی بەوەشكردووە : لە ژینگەی سیاسی پەرش و بڵاوی ئێمەدا، كە پێكهێنانی حكومەت چەند مانگێكی دەوێت تا تەواو دەبێت، ئەستەمە بزانین چۆن زەوتكردنی دەسەڵاتەكانی حكومەتی چاودێر بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و حاڵەتە فریاگوزاریەكان خزمەت بە بەرژەوەندی نیشتمانی گەورەتر دەكات.