نەینەوا – ا ه ع حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، ئەمرۆ چوار شەممە، رایگەیاند: عێراقییەكان نەینەوایان لە تیرۆریستانی داعش بە هاوكاری دانیشتوانەكەی و خوێنی رۆڵەی پارێزگاكانی ناوەراست و باشوور و باكوور رزگار كرد، وتیشی ئەوەی داعش وێرانی كردووە بنایت دەنرێتەوە. عەبادی لە وتەیەكیدا كە لە كردنەوەی پردی عەتیق پێشكەشی كرد كە هەر دوو بەری راست و چەپ بەیەكەوە دەبەستێتەوە و پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) ئامادەی بوو، رایگەیاند: پارێزگای نەینەوا بەدەست داعش و تیرۆرەوە دەیناڵاند، ئەمرۆ دەبینن چۆن داعشمان تێكشكاند، لە موسڵ و عێراق تۆڵەمان لێكردەوە. تەئكیدیشیكردەوە ئازادكردنی موسڵ بە هاوكاری ئێوە و ئازایەتی رۆڵەكانی سەرجەم پارێزگاكانی ناوەراست و باشوور و باكوور هاتە دی، جەحتیشیكردەوە هەموو وێرانكارییەكانی داعش ئاوەداندەكەنەوە و عێراق لە جاران بەهێزتر دەبێت. لای خۆیەوە ئان نافع وەزیری نیشتەجێكردن بە (ا ه ع)ی راگەیاند: كادرە ئەندازیاری و هونەرییەكان بنیاتنانەوەی پردی كۆنیان تەواو كرد كە هەر دوو بەری راست و چەپ بەیەكەوە دەبەستێتەوە دوای وێران كردنی بەهۆی شەڕو پێكدادان و بۆردومانەكانەوە بەمەبەستی بەرگرتن لە تیرۆریستانی داعش لە میانی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵدا. ئەو پردەش كۆنترین پردی شاری موسڵە و مێژووی دروستكردنی دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی 1932 – 1933 لەسەردەمی مەلیك غازی لەلایەن كۆمپانیایەكی ژاپۆنیەوە كە درێژییەكەی 305 مەترە و لەساڵی 1934 كراوەتەوە.