بەغداد/ INA
ئەمرۆ پێنج شەممە ، وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند"وەزیری فواد حوسێن بەم نزیکانە سەردانی کرواتیا دەکات .
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەت کە بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق (INA) ناردویەتی :"فواد حسێن، وەزیری دەرەوە لە پەراوێزی بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەی وەزاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، کە لە مەراکیشی مەغریب بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ هاوتا کرواتییەکەی "جوردان گریلیتش "کۆبووەوە.
حوسێن داوای لەکۆمپانیاکانی کرواتیا کرد کاربکەن و بەشداربن لەبنیاتنانەوەی ژێرخانی عێراق.
وتیشی: "بازاڕەکانی عێراق کراوەن بۆ وەبەرهێنان و دەرفەتیش هەیە کە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان لە عێراق کاربکەن دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەی کە بەسەر چەتەکانی داعشدا بەدەستمان ھێنا"
ھەروەک وتیشی: "گرنگە بەردەوام بین لە ئاڵوگۆرکردنی سەردانەکان لە نێوان بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە، چونکە کاریگەری هەیە لەسەر قوڵکردنەوەی هەماهەنگی و زیادکردنی هەماهەنگی لە بوارە جیاجیاکاندا"
ئاشکراشیکرد : "بەزووترین کات سەردانی کرواتیا دەکات وەک بەشێک لە پتەوکردنی هاوکارییە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و زگرب"
لەلایەن خۆیەوە وەزیری دەرەوەی کرواتیا جەختی لەسەر گرنگی کردنەوەی دیمەنی هەماهەنگی نێوان عێراق و کرواتیا لەهەموو بوارەکاندا کردەوە کە گرنگترینیان هاوکاری ئابوورییە.
وتیشی: "کرواتیا بە کۆمپانیا و شارەزایی لە کەرتی بیناسازی ناسراوە و دەتوانێت ببێتە خاڵی دەستپێک لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆستدا"