هەولێر - INA
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم ئەمڕۆ چوارچەممە، رایگەیاند: 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن و وتیشی: هەوڵدەدرێت ئاسانكاری تەواو بۆ پڕۆژەكان بكرێت.
محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بینیوێتی، رایگەیاند: سەرۆكی حكومەتی هەرێم رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دروستكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبون و هەفتەی ئایندە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئاشكراشیكرد: پرۆژەكان لە چوار پارێزگا و چوار ئیدارەی سەربەخۆ جێبەجێدەكرێن و بەپێی پێوەرێكی تایبەت یەكەكان دابەشدەكرێت بەسەر هاوڵاتیاندا بەجۆرێك كە پارەكەی و قیستی مانگانەی گونجاو بێت لەگەڵ داهاتی كەسانی كەمدەرامەت و كرێچییاندا لە هەرێمی كوردستان.
ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمو ئاسانكاریەك دەكات بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە بۆ ئەوەی سەركەوتو بێت و ئامانجەكانی بەدەست بهێنێت، بەجۆرێك زۆرترین خەڵكی هەژار سودمەند بێت لە پڕۆژەكە و هەوڵدەدەن رۆتین لەبەردەم پڕۆژەكەدا لاببەین و بە زوترین كات دەست دەكەن بە پێدانی مۆڵەت بۆ پرۆژەكان.
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان رونیشیكردەوە: تا ئێستا نرخی یەكەكان و بڕی مانگانەكەی دیارینەكراوە، وتیشی: بەڵام بێگومان بەشێوەیەك دەبێت كە زۆربەی هەرە زۆری ئەو كەسانەی لێی سودمەند دەبن بتوانن پارەكەی بدەن و بەپێی داهاتی كەسەكان دەبێت و پێدەچێت لە شارێك بۆ شارێكی دیكەش جیاواز بێت.