بەغداد - INA
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران ئەمڕۆ سێشەممە بڕیاریدا ڕێوشوێنی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی كەش و هەوا، هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: حكومەتی پشتیوانی لەهەر پڕۆژە و بەرنامەیەك دەكات كە توانای روبەروبونەوەی ئاڵنگارییەكانی ژینگەی هەبێت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كە پێویستە كاری بەپەلە بكرێت بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی كەش و هەوا كە لە وڵاتدا دەركەوتوە لە ڕێگەی زریانی خۆڵبارین، كە كاریگەری لەسەر تەندروستی و ژینگە و بواری ئابووریی دەبێت.
كازمی وتیشی: حكومەت پشتگیری هەر پڕۆژە و بەرنامەیەك دەكات كە بتوانێت بەرەنگاری ئاڵنگارییەكانی ژینگە ببێتەوە، هەروەك ژمارەیەك لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی راسپارد كە كۆبوونەوەیەكی فراوان بكەن بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چارەسەركردنی كێشەی بە بیابانبوون و خستنەڕووی پێشنیارەكان كە شیاوی جێبەجێكردن بن.
كازمی لەسەر قەیرانی ئابووری جیهانی رایگەیاند: حكومەت لەنزیكەوە چاودێری پەرەسەندنەكانی قەیرانی ئابووری جیهانی دەكات و هەوڵێكی زۆر دەدات بۆ كەمكردنەوەی كاردانەوەكانی لەسەر عێراق، وتیشی: سەرەڕای گەورەیی كێشە ئابوورییەكان لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام حكومەت سەركەوتوو بووە لە روبەرووبونەوەی.
هەروەها كازمی بارودۆخی ئەمنی وڵاتی خستەڕوو، و ستایشی هێزە ئەمنییە جۆراوجۆرەكانی كرد بۆ هەوڵەكانیان و بەدواداچوونی پاشماوەكانی تیرۆریستانی داعش و باندەكانی تاوان لەو وڵاتەدا.
وهزیری ناوخۆیی بهریتانیا سهردانی عێراق دهكات