بەغداد - INA
چوارچێوەی هەماهەنگی دەستپێشخەرییەكی نوێی نیشتمانی بۆ چارەسەركردنی بنبەستی سیاسی ڕاگەیاند.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: لە رونگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی شەرعی و ئەخلاقی، ئەم دەستپێشخەرییە نیشتمانیە گشتگیرە ڕادەگەیەنین بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی ئێستا و بنبەستە سیاسییەكانی ئەم دواییە، و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و شكستەكانی یاوەری بۆ دانیشتنەكەی ڕۆژی چوارشەممە 30ی ئازاری 2022 ، بۆ ئەوەی جارێكی تر بەرژەوەندی گەلی بەخشندەیی خۆمان بپارێزین، چوارچێوەی هەماهەنگی و هێز و كەسایەتییە هاوپەیمانیەكانی دەستپێشخەرییان كردووە بۆ دروستكردنی پردی لێكتێگەیشتن و دیالۆگ لەگەڵ هەموو هێز و كەسایەتییە سەربەخۆكانی دیكە بۆ دەرچوون لە قەیرانەكانی وڵات.
ئەمەی خوارەوە دەقی دەستپێشخەرییەكەی چوارچێوەی هەماهەنگیە كە سەرەتا 9 خاڵی دەستنیشانكردووەو دواتریش 9 خاڵی تری دەستنیشانكردووە بۆ ئەوەی هێزولایەنە سیاسیەكان پێوەی پابەند بن.
1- بە لەبەرچاوگرتنی ماوەی دەستوریی و بۆ پاراستنی رێڕەوی پرۆسەی دیموكراسی، داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و لەبارەی چارەسەرەكانەوە گفتوگۆ بكەن، بەبێ هیچ مەرج و كۆتوبەندێكی پێشوەختە، هەموو لایەنەكان بەرژەوەندی نیشتمان و هاوڵاتی لەبەرچاو بگرن.
2- سەرۆك كۆمار پێگەیەكی مەعنەویی گرنگ و بنەڕەتیی هەیە، بەوپێیەی پارێزەری دەستورەو سیمبولی یەكێتیی نیشتمان و سەروەرییەكەی و پارێزەری یەكێتی و سەلامەتی خاكەكەیەتی، پێویستە كەسی سەرۆك كۆمار خاوەن تواناو راستگۆ و ئاكار و رەوشتی باش بێت، دەبێت حزبە كوردستانییەكان هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ لێكتێگەیشتن و رێككەوتن لەسەر كاندیدێك كە ئەم تایبەتمەندییانەی تێدا بێت، لەچوارچێوەی كارپێكراودا.
3- لەبەر بایەخی پۆستی سەرۆك وەزیران، هاوتا لەگەڵ دەستورو بە لەبەرچاوگرتنی مافی زۆرینە، دەبێت پارێزگاریی لەمافی پێكهاتەی گەورەی كۆمەڵگە بكرێت، ئەمەش لەڕێگەی كوتلەی پێكهاتەی گەورە كە هاوپەیمانێتی دەكات بۆ پێكهێنانی كوتلەی زۆرینە، پاشان رێككەوتن لەسەر كاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، هێزە بەشدارەكان لە حكومەتدا بەرپرسیارێتی شكست و سەركەوتن و لێپرسینەوەی لەئەستۆدەگرن، هەروەك بەڵێن دەدەن پاڵپشتی تەواوەتی لێ بكەن بەگوێرەی ئەو بەرنامە حكومییەی كە بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئەمەش لە كۆنگرەیەكی گشتیدا رادەگەیەنن، بەمەرجێك كاندیدی ئەم پۆستە كەسێكی بەتوانا و پاك و خاوەن ئەزمونی سیاسی و ئابوری و تایبەتمەندییە داواكراوەكانی تری ئەم پۆستە بێت، ئەمە وا لە كوتلەی زۆرینە دەكات هەڵیبژێرێت و بڕوا بە بەرنامە سیاسییەكەی بكات و بەر لە نیشاندانی رەزامەندی لەسەری، هەڵسەنگاندن بۆ تواناو لێهاتوویی بكات.
4- لە باوەربونیەوە بە پێویستیی بەردەوامی پرۆسەی دیموكراتی و بۆ خۆبەدورگرتن لە بنبەستی سیاسیی، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیاز دەدەنە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ كاندیدێك پێشەكەش بكەن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لەم قۆناغە هەستیارەی تەمەنی عێراقدا، كاندیدێك كە تایبەتمەندی لێهاتوویی و پاكی تێدا بێتو قبوڵكراو و بێلایەن بێت و هەموو پێداویستییە داواكراوەكانی تێدا بێت، بۆ ئەوەی لەلایەن هەموو كوتلەكانی نوێنەری پێكهاتەی گەورەو ئەوانەوە كە كوتلەی زۆرینە پێكدەهێنن، پاڵپشتی بكرێت، ئەمە بەگوێرەی لێكدانەوەی دادگای فیدراڵی بۆ ماددەی (76)ی دەستور.
5- لەڕێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە بابەتی سێ سەرۆكایەتییەكە لەڕێگەی لێكتێگەیشتنی رۆڵەكانی هەر پێكهاتەیەك لەنێوان خۆیاندا یەكلادەكرێتەوە، هەموان مامەڵە لەگەڵ چەمكی زۆرینەی ئارەزومەندانەدا دەكەن لە بەشداریكردن یان ئۆپۆزسیۆنی ئارەزومەندانە بۆ چاودێریكردن، بۆ ئەوەی هەموو سەرۆكایەتییەكان بەیەك ئاڕاستەدا بڕۆن كە زۆرینەی ئارەزومەندانەیەو دڵنیایی بە هەموان دەدات رەتكردنەوەی هەر كاندیدێك لە پێكهاتەكانی تر بەواتای بەریەككەوتن نییە لەگەڵ ئەو پێكهاتەیەدا، بەڵكو كردنەوەی دەرفەتە لەبەردەم ئەو پێكهاتەیەدا بۆ پێشكەشكردنی بژاردەیەكی تر، بەمە سێ سەرۆكایەتییەكە دەبن بە نوێنەری هەموان و پاڵپشتی و رێزی هەموان بەدەستدەهێنن.
6- دوركەوتنەوە لە سیاسەتی شكاندنی ئیرادەو نیشاندانی نەرمی و سازشكردن بۆ یەكتر، ئەمە لەپێنا و گەیشتن بە هاوبەشە نیشتمانی و سیاسییەكان، بەلەبەرچاوگرتنی قورسایی هەڵبژاردن.
7- زۆرینەی دەسەڵاتدار بەڵێن دەدات چەتری ئارام بۆ ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیی فەراهەم بكات و رۆڵی لە چاودێریكردنی ئەدای حكومەت و لێپرسینەوەیدا بەهێز بكات، ئەگەر سەلمێندرا كەمتەرخەمی كردووە، ئەمەش لەڕێگای پێدانی سەرۆكایەتی لیژنە كاراكانی پەرلەمان و دەستەكانی چاودێریكردن بە ئۆپۆزسیۆن و كەسایەتییە سەربەخۆكان، ئەوانەی كە بەشدارییان لە پێكهێنانی حكومەتدا نەكردووە، هەروەك پێویستە ئۆپۆزسیۆن بەڵێن بدات دانیشتنەكانی پەرلەمان پەكناخات و بەشداری كارای دەبێت تێیانداو دەرفەت لەبەردەم زۆرینەی دەسەڵاتداردا دەكاتەوە شایستە دەستورییەكانی پڕ بكاتەوە.
8- چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە هاوپەیمانەكانی لیژنەیەكی دانوستانكار پێكدەهێنێت بۆ دەسپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، لەپێناو جێبەجێكردنی ئەم دەستپێشخەرییە.
9- بژاردەی بەشداربوون لە حكومەتی داهاتوو یاخود ئۆپۆزسیۆنبوون وەكو بژاردەیەكی كراوە بۆ هەموو لایەنەكان بەجێدەهێڵدرێت، بەبێ سەپاندنی بەسەر هیچ كەسێكدا.
پابەندبوون:
هەموان بابەند دەبن بە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی كە لەم نوسراوەدا هاتووە كە ئەمانەن:
1- بەڵێندان بەوەی پێداچوونەوە بە هەموو ئەو گرێبەست و قەرزو دامەزراندنانەدا دەكرێت، كە حكومەتی كاربەڕێكەری رۆژانە، لە رێكەوتی هەڵوەشتاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران تاوەكو پێكهێنانی حكومەتی نوێ، كردویەتی.
2- هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان بەگوێرەی بڕیاری دادگای فییدراڵی ژمارەی (159) لە رۆژی 27/12/2021 تایبەت بە پابەندكردنی ئەنجومەنی نوێنەران بە هەمواركردنی یاساكە، هەروەها بەڵێندان بە گۆڕینی كارمەندانی كۆمسیۆنو سەرلەنوێ دروستكردنەوەو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی كۆمسیاران لەو كەسانەی كە بەوە ناسراون شارەزاییان هەیە، لێپێچینەوە لەوانەی كە لەچوارچێوەی یاساكەدا كەمتەرخەمییان لەسەر دەسەلمێندرێت.
3- پارێزگاریكردن لەمافی كەمینەكان و پاراستنیان و پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییەكانیان لەرێگای دەرفەتی یەكسان و ئازادی بیروباوەڕو هەموو ئەو بابەتانەی تر كە لە دەستوردا هاتوون.
4- رێكخستنی پەیوەندی نێوان حكومەتی فیدراڵی بەغدادو حكومەتی هەرێمی كوردستان بەجۆرێك كە بە شەفافیەتێكی زۆرەوە زامنی مافی هەموان بكرێت، دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەگوێرەی دەستور بۆ هەموو پرسەكان، بۆ نمونە دەركردنی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سامانی وڵاتو پشتیوانیكردنی هێزی پاسەوانی هەرێم و پێشمەرگە و پابەندكردنیان بە سەركردایەتی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە.
5- ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان و چارەسەركردنی كێشەی ئاوارەكان كە لەئەنجامی تیرۆری داعشەوە دروستبووە، كاركردن لەسەر هەموو ئەو بابەتانەی كە متمانە بە پرۆسەی سیاسی بەهێز دەكەنەوە، ئەمەش لەرێگەی حكومەتێكی چاودێر بەسەر هەمواندا.
6- دروستكردنی سندوقی پاڵشتی ئەو پارێزگایانەی كە هەژارن، ئەمە بەگوێرەی ئاماژە فەرمییەكانی وەزارەتی پلاندانان، بۆ ئەوەی پارەی پێویستیان بۆ تەرخانبكرێت لەچوارچێوەی بودجەدا بەمەبەستی دابینكردنی خزمەتگوزاری پەروەردەو فێركردن و تەندروستی و نیشتەجێبوون بۆ پارێزگا هەژارەكان.
7-هەموو لایەنە سیاسییەكان بەڵێن دەدەن هەوڵەكانی ئاسایكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل رەتبكەنەوەو رێگری لێبكەن. له دامەزراوەكانی چاودێریكردن و پەرلەمان كارا بكرێن،
8ـ یاسای گونجاو بۆ روبەڕووبونەوەی گەندەڵی دەربكرێت و پارێزگاری لە هیچ كەسێك نەكرێت كە بەگوێرەی یاسا تاوانی لەسەر دەسەلمێندرێت.
9- پرۆگرامە وزارییەكانو بەرنامەی حكومەت بۆ قۆناغی داهاتوو بنوسرێتەوە، سەقفی زەمەنی واقعی بۆ جێبەجێكردنی دیاری بكرێتو پێوەرەكانی هەڵبژاردنی تیمی وزاری دیاری بكرێت و تەئكید لەسەر لایەنی خزمەتگوزاریی بكرێتەوە.