ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر چەند بڕیارێكی بەمەبەستی رووبەڕبوونەوەی پەتایی تای خوێنبەربوون دەركرد

ناوخۆ
  • 27-04-2022, 17:50
  • +A -A

    هەولێر -INA
    دوای بڵابوونەوەی نەخۆشییەكی " كوشندە" لە چەند پارێزگایەكی عێراق بەناوی " تای خوێنبەربوون" و گیانلەدەستدانی چەند هاوڵاتییەك بەهۆی لێكەوتەكانی ئەو نەخۆشییەوە، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر چەند بڕیارێكی بەمەبەستی رووبەڕبوونەوەی ئەو نەخۆشییە دەركرد لەوانەش، لەمەودا رێگەنادرێت ئاژەڵەكان لەدەرەوەی كوشتارگەكان سەرببڕێن و هاتنەوە ناوەوەشیان بۆ ناو سنووری پارێزگای هەولێر بەبێ پشكنینی ڤێتەنەری قەدەغەدەكرێت.
    بەگوێرەی راگەیەندراوێكی پارێزگای هەولێر، كە كۆپییەكی دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە تێیدا هاتووە"دوا بەدوای كۆبونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە دیوانی پارێزگا، كە بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە ئامادەكاریەكانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز ئەنجامدرا، لەبارەی (تای خوێن بەربون) (الحمی النزفیە) كە نەخۆشییەكی ڤایرۆسی زۆر مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و لەڕێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و هەندێكجار لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ، هەرچەندە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان ئەم حاڵەتە بەدی نەكراوە، بەڵام لەو ماوەیەدا لە چەند شارێكی عێراق چەند حاڵەتێك تۆمار كراون و بەهۆیەوە چەند كەسێك مردون، لەپێناو كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیەكە و پاراستنی سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان و ڕێگەگرتن لە مەترسییەكانی بڵاوبونەوەی نەخۆشی (تای خوێنبەربون)، كۆبونەوە ژمارەیەك بڕیاری دەركرد


    دەقی بڕیارەكانی پارێزگای هەولێر: 
    یەكەم: بەهیچ شێوەیەك ڕێگا نادرێت ئاژەڵ لەدەرەوەی كوشتارگەكان بەبێ پشكنینی ڤێتێرنەری سەرببڕدرێت لەبەردەم دوكان و شەقامەماكان، ئەركی قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییە و شارەوانی و لیژنەكانی تەندروستی و بازاڕە ڕێگری لەو كارە بكەن، هەركەس و لایەنێك سەرپێچی بكات ڕێكاری توندی یاسایی لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر.


    دوەم: بەهاوكاری یەكە كارگێڕیەكان دەست بكرێت بە هەڵمەتی شوشتن و ڕشاندنی ئاژەڵی خۆماڵی.


    سێیەم: لەلایەن هۆبەكانی ڤێتێرنەری و موختاری گوندەكان، هەمو ئەو هاوڵاتیانەی خاوەنی ئاژەڵ و كاری ئاژەڵداری دەكەن، ئاگادار بكرێنەوە لە ڕشاندنی ئاژەڵەكانیان بە دەرمانی دژە (قرنە).


    چوارەم: ڕشاندنی گۆڕەپان (مەیدان)ی ئاژەڵان بەگشتی.


    پێنجەم: خاوەنی كێڵگەكان و بازرگانانی ئاژەڵان، دەبێت لەسەر ئەركی خۆیان پابەندبن بە ڕشاندنی ئاژەڵەكانیان بەسەرپەرشتی ڤێتێرنەری.


    شەشەم: دەبێت باخچەكانی ئاژەڵانی سنوری پارێزگای هەولێر، لەژێر سەرپەرشتی ڤێتێرنەری هەمو ئاژەڵەكانیان بشۆن و بڕشێنن.


    حەوتەم: هاتنی ئاژەڵ و گۆشت لەدەرەوەی شاری هەولێر بەبێ پشكنینی ڤێتێرنەری و پزیشكی، بەهەمو شێوەیەك قەدەغەیە.