بەغداد - INA
دەستەی عێراقی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سەرچاوە تیشكدەرەكان ئەمڕۆ سێشەممە، وردەكاری گرێبەستەكانی جێبەجێكردنی سێ پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر لەعیراق راگەیاند و هەروەها وادەی تێكەڵكردنیان بە تۆڕی نیشتمانی دیاریكرد.
كەمال حسێن لەتیف سەرۆكی دەستەكە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: عێراق نزیكەی سێ گرێبەستی گرنگی لەدروستكردنی وزەی خۆردا واژۆكرد، كە یەكێكیان لەگەڵ كۆمپانیای فەرەنسی تۆتال بەتوانای نزیكەی 1000 میگاوات و دووەم لەگەڵ كۆمپانیای پاوەر چاینا بەتوانای 750 میگاوات و سێیەم لەگەڵ كۆمپانیای مەسدەری ئیماراتی بەتوانای 1000 میگاوات، وتیشی: ئەو پرۆژانە وابڕیارە لە ساڵی 2025دا بكەونە كارو تواناكانیان تێكەڵ بە تۆڕی نیشتمانی بكرێت.
ئاشكراشیكرد: دوای واژۆكردنی ئەو گرێبەستانە ئامادەكاریی لەلایەن عێراقەوە كراوە كە بریتین لە ئامادەكردنی زەوی و دیاریكردنی شوێنی گونجاو و لە پرەنسیپدا چەندین شوێنی دیاریكراوە بۆ دروستكردنی وێستگەكان هەیە لەوانە بەسرە و ئەنبار و موسەننا كە ناوچەی گونجاون بۆ وەرگرتنی وزەی خۆر، وتیشی: لە كاتێكدا ئەم پرۆژانە تەواو بوون، ئەوا پێویستی نزیكەی ١٠٪ ی وڵات بۆ كارەبا دابین دەكەن.