سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ ساڵيادى ڕۆژنامه‌گه‌ريى كورديدا پشتگیری خۆی بۆ ديموكراسى وئازادييه‌كان وئازاديى ‏ڕۆژنامه‌گه‌رى و ‏ڕاده‌ربڕين دووپات ده‌كاته‌وه‌

سیاسی
  • 22-04-2022, 13:54
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INA

    نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی یادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان كردووه‌ و جه‌خت له‌ هه‌ڵوێستى پشتگيری خۆی له‌ ديموكراسى، ئازادييه‌كان، ئازاديى ‏ڕۆژنامه‌گه‌رى و ‏ڕاده‌ربڕين، مافه‌كانى مرۆڤ و سه‌روه‌ريى ياسا ده‌كاته‌وه‌. 

    هه‌روه‌ها له‌پیرۆزبایی نامه‌كه‌یدا هاتووه‌" ڕۆژى ڕۆژنامه‌گه‌ريى كوردى و يادى سەد و بیست و چواره‌مين ساڵه‌ی دەرچوونی یەكەم ‏‏ژمارەی ڕۆژنامەی كوردستان ـ ى میر میقداد ميتحه‌ت بەدرخان، هه‌روه‌ها بیست و ‏‏چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، له‌ هه‌موو ‏‏ڕۆژنامه‌نووسانى كورد و كوردستان به‌گشتى پيرۆز ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ‏ده‌خوازم.‏

    له‌م ياده‌دا به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى ته‌واوى ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ى كوردستان‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ ‏له‌ ‏هه‌موو قۆناغه‌كاندا، خزمه‌تيان به‌ كايه‌ى ڕۆژنامه‌گه‌ريى كوردستان كردووه‌ و سه‌رده‌مى ‏شۆڕش ‏و دواى ئازادييش، به‌ كارامه‌يى و پيشه‌يى، ئه‌ركى خۆيان ڕاپه‌ڕاندووه‌ و ‏هه‌ندێكيشيان له‌م ‏پێناوه‌دا سه‌ريان نايه‌وه‌ و گيانيان سپارد.‏

    له‌م‌ بۆنه‌يه‌دا جه‌خت له‌ هه‌ڵوێستى پشتگيريمان له‌ ديموكراسى، ئازادييه‌كان، ئازاديى ‏ڕۆژنامه‌گه‌رى و ‏ڕاده‌ربڕين، مافه‌كانى مرۆڤ و سه‌روه‌ريى ياسا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه كۆڵه‌كه‌ى‌ ‏سه‌ره‌كيى هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى ئازاد و پێشكه‌وتوون‌ و گه‌لى ‏كوردستان له‌پێناوياندا خه‌بات و ‏تێكۆشانى كردووه‌ و خوێن و گيانى بۆ كردووه‌ته‌ قوربانى، بۆيه‌ ‏هه‌رگيز ده‌ستبه‌رداريان ‏نابێت، ئێمه‌ش وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ هه‌موو توانايه‌ك پارێزه‌ريان ده‌بين.‏

    هه‌ر له‌م ياده‌دا داكۆكى له‌ بايه‌خ و گرنگيى ڕۆژنامه‌گه‌رى و ئه‌ركى ڕۆژنامه‌نووسان ‏ده‌كه‌ينه‌وه‌ ‏كه‌ هه‌ميشه‌ ڕه‌چاوى كارامه‌يى و پيشه‌ييبوون بكه‌نه‌وه‌، ئه‌ركه‌كه‌يان به‌رپرسانه‌ و ‏‏به‌ دروستى ڕاپه‌ڕێنن، به‌ ويژدانه‌وه‌ ڕاستييه‌كان وه‌ك خۆى بگه‌يه‌نن، به‌رژه‌وه‌نديى ‏باڵاى ‏وڵات بخه‌نه‌ سه‌رووى هه‌موو شتێكه‌وه‌، به‌ ڕه‌خنه‌ى بنياتنه‌ر و تێبينى و سه‌رنجتان، ‏هاوكار و ‏يارمه‌تيده‌رى داموده‌زگا و دامه‌زرا‌وه‌ نيشتمانييه‌كان بن، بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كان و ‏‏باشتركردنى ئه‌زموونى هه‌رێمى كوردستان.‏