بەغداد – INA
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، تەئكیدی لە گرنگی دیوانی چاودێری دارایی لە روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی دارایی گشتی كردەوە،و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: بەڵای گەندەڵی كاریگەری لەسەر سەقامگیری و پێشكەوتنی وڵات هەیە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كەدەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) كەوتووە، دەڵێت: سەرۆك كۆمار بەرهەم ساڵح لە كۆشكی سەلام لە بەغداد پێشوازیكرد لە رافل یاسین خزەیر سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بە وەكالەت.
بەرهەم ساڵح تەئكیدیكردەوە لە گرنگی دیوانی چاودێری دارایی لە روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی دارایی گشتی و بەشداری لە پشتیوانی ئابوری نیشتمانی بۆ بەهێزكردنی هەوڵەكانی دەوڵەت بۆ پتەوكردنی حوكمی رەشید لەسەر بنەمای بەرزكردنەوەی سیستمی ئیداری و حكومڕانی لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا، هەروەها دەرفەتی یەكسان مسۆگەر دەكات و سامانی وڵات دەپارێزێت، وتیشی: بەڵای گەندەڵی كاریگەری لەسەر سەقامگیری و پێشكەوتنی وڵات هەیە.
لەبەرامبەردا رافل یاسین پشتیوانی سەرۆك كۆماری لە كاری دیوانی چاودێری دارایی لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەكانی و گرنگیدانی بە پرسی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی ئیداری و مالی بەرزنرخاند.