نێچيرڤان بارزانى، پێشوازى له‌ شاندێكى ئه‌مه‌ريكى ده‌كات

سیاسی
  • 13-04-2022, 21:06
  • +A -A

    هەولێر_INA
    ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى ئه‌مه‌ریكى به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز جۆوى هوود جێگرى یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا كرد.
    له‌ دیدارێكدا دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسیى عیراق، په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان، مه‌ترسییه‌كانى داعش، دۆخى ناوچه‌ى شه‌نگال و بارى ئابوورى له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.
    هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیى تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و ئاسته‌نگه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عیراق و ده‌رچوونى له‌ دۆخى چه‌قبه‌ستوویى و پێكهێنانى حكوومه‌تێك كه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داواكارى و خواسته‌كانى هاووڵاتیان و ته‌واوى پێكهاته‌كانى وڵات بێت، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌ گرنگیى ته‌بایى و یه‌كڕیزیى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان كرده‌وه‌.
    به‌ڕێز جۆوى هوود سوپاسى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى كرد بۆ په‌یوه‌ندى و ئه‌و هاریكارییه‌ى له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیان و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یبووه‌ و جه‌ختى له‌ په‌یوه‌ندیى به‌هێز و به‌رده‌وامیى دۆستایه‌تى و هاوبه‌شى و پشتیوانیى ئه‌مه‌ریكا بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.
    له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌ك دیپلۆماتكار و به‌رپرسان له‌ كونسولخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، پرسه‌كانى ئازادى ڕاده‌برین، مافه‌كانى مرۆڤ و سه‌روه‌ریى یاسا، پێشهاته‌كان له‌ ئۆكراینا و دۆخى ئه‌فغانستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى خرایه‌ به‌ر باس.
    له‌ دوا ته‌وه‌رى دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ به‌ڕێز جۆوى هوود خواست كه‌‌ بڕیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیك و له‌ پۆستێكى تازه‌ى دیپلۆماسیدا، ده‌ستبه‌كار بێت.