ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم" تاوتوێ ئه‌نجامی سه‌ردانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا دەكات

سیاسی
  • 13-04-2022, 11:44
  • +A -A

    هەولێر - INA

    وا بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بەبەستێت و لە كۆبوونەوەكەشدا پوختەی كۆبوونەوەكەی شاندی هەرێم لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق بخرێتەڕوو.
     فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە پەیچی تایبەتی خۆی كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی لێ وەرگرت تیدا رایگەیاند:" ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجام دەدات" . ئاماژەی بەوەشكرد:" لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا پوختەی سەردانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقی فیدراڵ دەخرێتەڕوو" .
    هەروەها هاتووە:" لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەش، گفتوگۆ لەبارەی پێداچوونەوە بە میكانیزمی كاركردن لەناو حكومەتی هەرێم، بە ئاراستەی برەودان بە لە ئەستۆگرتنی لێپرسراوێتی و باشتر راییكردنی كارەكان و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت" .
    فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەوەشیخستەڕوو:" لە بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكەش رەشنووسی (پەیڕەوی ناوخۆی بازرگانی و تۆمارنامەی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان – عێراق) و رەشنووسی پڕۆژە یاسای نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان دەخرێنەڕوو، بۆ دەنگدان لەسەریان" .
    روونیشیكردەوە:" بڕگەی كۆتاییش پێشنیاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەبێت تایبەت بە هەڵگرتنی رەسمی گومرگی لەسەر ئاژەڵی هاوردەكراو لە مانگی رەمەزانی پیرۆز، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەكانی هەرێم دەخرێتەڕوو" .