هەولێر- INA
دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی ھەرێمی كوردستان لە كونگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ژمارەیەك ھەلی كاری بۆ دەرچوانی بەشی ژینگە لە كۆلێژەكانی زانست و ئەندازیاری راگەیاند و داوا دەكات سیڤیەكانیان ببەنە فەرمانگەی ژینگەی شارەكانیان بەمەبەستی دامەزراندنیان.
عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆكی دەستەی ژینگەی ھەرێم لە كونگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی چاودێر كرد تیدا ڕایگەیاند پاش دامەزراندنیان، دەرچوانی بەشی ژینگە لەسەر پڕۆژە گەورە و مامناوەندەكان لە كەرتی تایبەت دەست بەكار دەبن.
عەبدولڕەحمان سدیق ڕاشیگەیاند میكانیزمی دامەزراندن لەلایەن فەرمانگەی ژینگەی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان دادەنرێت و مووچەكانیان لە ٥٠٠ هەزار دینار كەمتر نابێت.
بە وتەی عەبدولڕەحمان سدیق، مەرجی وەرگرتن ھەبوونی بڕوانامەی بەكالۆریۆس و لە بەكالۆریۆس بەرەو سەرەوەیە و دەشڵێت بە دامەزراندنی كارمەندی نوێ دەتوانن ڕەوشی ژینگە باشتر بكەن.
عەبدولڕەحمان سدیق ڕاشیگەیاند ئامانج لە دامەزراندنی كارمەندی نوێ لەسەر پرۆژەكانی كەرتی تایبەت، كەمكردنەوەی سەرپێچی و دامەزراندنی دەرچووانی بەشی ژینگەیە كە بە دەگمەن ھەلی كاریان دەستدەكەوێت.