بەغداد – INA
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق تەئكیدی لە گرنگی بەردەوامبوونی شەڕی تیرۆر و ڕێگەگرتن لەگەشەکردنی شانەی داعش كردەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەمڕۆ یەكشەممە لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) كەوتووە، راگەیاند: سەرۆک وەزیران پێشوازیكرد لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، جەنەراڵ مایکڵ کۆرێلا و شاندی یاوەری.
لە کۆبوونەوەیەكدا باس لە هاوکارییە ئەمنی و سەربازییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و شەڕی تیرۆر و بەدواداچوونی پاشماوەکانی داعش و دوایین ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق كرا.
هەروەها گفتووگۆكرا لەبارەی پتەوکردنی هەماهەنگی ئەمنی هاوبەش، بەتایبەتی دوای ئەوەی ڕۆڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر بۆ قۆناغی هاوکاریکردن لە بنیاتنانی توانای سەربازی عێراق و پێشکەشکردنی پشتیوانی و تواناسازی گۆڕدرا.
هەروەك كازمی جەختیكردەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی شەڕی تیرۆر و ڕێگریکردن لەگەشەکردنی شانەی داعش.
لای خۆیەوە جەنەراڵ مایكل کۆرێلا پێزانینی خۆی دووپاتكردەوە بۆ ئاستی شەڕی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و نیشاندەرە بەرزەکانی ئەداو توانایان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە مەیدانییە نوێیەکانیان و وەبەرهێنانی توانا ئاسمانییەکان كە لەلایەن فڕۆکەی ئاسمانی هاوچەرخەوە دابینکراوە.
هەر لەدیدارەکەدا بەپێی بەیاننامەكە باس لەبارودۆخی ئەمنی و سەربازی لەسەر ئاستی ناوچەكە و هەماهەنگی هاوبەش کرا بۆ سەرکوتکردنی چالاکی گروپە تیرۆریستییەکان.