سلێمانی_INA
پۆلیسی سلێمانی ئاشكرایكرد كە مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار لەچەند گەڕەكێكی شاری سلێمانی چوار تۆمەتباریان بەتۆمەتی فاڵگرتنەوەو نوشتەكردن و فێڵكردن دەستگیركرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی كە كۆپیەكی دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوت تیدا هاتووە: پاش ئەوەی پۆلیسی سلێمانی زانیاری دەستكەوت لەسەر چەند تۆمەتبارێك كە خەریكی فاڵگرتنەوەو نوشتەكردن و فریودانی ھاوڵاتیان بون، دەستبەجێ بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێز بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لێكۆڵینەوەكان دەستیپێكردوو سەرجەم بنكەكان ڕاسپێردران بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتباران، سەرەنجام توانرا لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەرچنارەوە چوار تۆمەتبار دەستگیربكرێن و دەستیشگیرا بەسەر چەندین پارچە كەلوپەلدا كە بۆ فاڵگرتنەوەو نوشتەكردن بەكاریانھێنابوو.
لەئێستا هەریەك لەتۆمەتباران (س ، ح ، م لەدایكبووی 1982 – س ، ن ف لەدایكبووی 1986 – خ ، ر ، خ لەدایكبووی 1948 – ع ، ر ، ع لەدایكبووی 1951 ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا بەردەوامە.