بەغداد ـ INA
حاكم زاملی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمڕۆ دووشەممە هۆشداریدا لە فەرامۆشكردنی دۆسیەی ئاو و هاوکات ئاماژەی بە گەیاندنی نامەیەک بۆ باڵیۆزی تورکیا کرد لەسەر ئەم دۆسیە هەستیارە.
حاكم زاملی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لەوتارێکدا لەکاتی میوانداریکردنی وەزیری سەرچاوەکانی ئاو و بەئامادەبوونی پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری سەرچاوەکانی ئاو و بریکارەکان لەسەر دۆسیەی ئاو بابەتێکی هەستیارە كەپەیوەندی بە ژیان و داهاتووی هاوڵاتیانەوە هەیە.
وتیشی: پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران هەڵوێستی گرنگی هەبێت بەتایبەتی کە زۆربەی ئامادەبوان ئاگاداری دۆخەکە نین و ئەرکی خۆیان ڕادەستی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو دەکەن.
ئاشكراشیكرد: ئەم وەزارەتە بەتەنیا ناتوانێت ڕووبەڕووی ئەو وڵاتانە بێتەوە بەتایبەتی کە پێویستی بە پەیوەندی و ڕۆڵێکی کارای حکومەت هەیە بە فشار خستنەسەر حکومەتەكان و بەکارهێنانی دەسەڵاتی خۆی.
رونیشیكردەوە: فایلی ئاو لە تورکیا لەلایەن سەرۆک ئەردۆغانەوە بەڕێوەدەبرێت، و لە ئێرانیش سەركردە باڵاكان سەرپەرشتی دۆسیەی ئاو دەكەن.
وتیشی: فایلی ئاو لە عێراق پشتگوێخراوە و لە ساڵانی داهاتوودا ڕەنگە دۆخەکە وابێت کە ئاو نەبێت، دۆخەکە نیگەرانكەر و هەستیارە و فایلی ئاو یەکێکە لە مەترسیدارترین فایلەکان.
ئاشكراشیكرد: چەندین جار لەگەڵ بەرپرسان و باڵیۆزەکانی تورکیا کۆبوونەوە کرا و پەیامێکی ڕوون بۆ حکومەتەکەیان نێردرا، لەسەروی هەمویانەوە کۆبوونەوەی وەزیری سەرچاوەکانی ئاو لەگەڵ باڵیۆزی توركیا بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵویستی وڵاتەکەی لەوبارەیەوە.
وتیشی: کۆبوونەوەکەمان ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری سەرچاوەکانی ئاو بۆ گفتوگۆکردن بوو لەسەر پلانی وەزارەت و میکانیزمی پشتگیری ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەم بابەتە لە بودجەدا و لەسەروی هەمیانەوە فشاركردن لەسەر ئەو وڵاتانە کە ئەم دۆسیەیە هەڕەشە لە ژیانی هاوڵاتیان دەکات.