ھەولێر_INA_کەوکەز رەحمان
ئەمرۆ پێنج شەممە لە کۆنگرایەکی رۆژنامەوانیدا ئاگرین عەبدوڵا بریکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایگەیاند کە لەساڵی ٢٠١٩ وە حکومەت بەرنامەی کشانی ھێلی شەمەندەفەری خستۆتە بەرنامەکانی بەڵام بەھۆی پێشھاتەکانی کۆرۆنا پرۆژەکە دواخرا، دوای رەزامەندی دارایش وەزارەت دەستی بەھەوڵەکانی کردوە ، لەئێستاشدا لەگەڵ کۆمپانیایەکی پێشکەوتووی ئیسپانی گرێبەستی لێکۆلینەوە لە پرۆژەی ھێلی شەمەندە فەرەمان ئیمزاکردوە
راشیگەیاند کە کۆمپانیای ناوبراو دەبێت لەماوەی ٩ مانگ راپۆرتەکە ئامادەبکات وتیشی درێژی ھێلەکە ٩١٥ کیلۆمەترەو لە قۆناغی یەکەمدا ھێلەکە دەروازەی ئیبراھیم خەلیل بە پەروێزخان دەبەستیتەوە ھەروەک تەواوی پارێزگاکانی ھەرێمیش بەپارێزگاکانی دیکەی عیراق دەبەسترێنەوە لەرێگای ھێلی موصل و کەرکوک .قۆناغی دووەم و سێ یەمیش راکێشانی ھێلەلاوەکیەکانە کە چەند ھێلێک درێژ دەکرێتەوە لە ھێلی گشتی بۆ ھەریەک حاجی ئۆمەران و بەرواری باڵا و رانیەو قەڵادزێ و پێنجوێن و ھەڵبجە.
ئاگرین عەبدوڵا ئاشکراشیکرد کە گوژمەی تێچو بۆ لێکۆلینەوەکە دوو ملیۆن و ٦٠٠ھەزار دۆلارە و دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوەکە ھەنگاو دەنێن بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە.