سلێمانی ـ INA
پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت: حکومەتی ئیتحادی بڕیاریداوە کە هەموو بڕی بەرهەمهێنراوی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران دەکڕێتەوە،و بۆ هەر تەنێک بڕی (٧٥٠.٠٠٠) دینار دیاریکراوە.
نوسینگەی پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەنراوێكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) كەوتوە، دەڵێت: هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا، پێشوازیکرد لە ستار جابری بریکاری وەزیری بازرگانیی عیراق و وەفدی هاوڕێی.
راشیگەیاند: لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی بەڕێزان جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ کاروباری هونەری و بەڕێوەبەری فەرمانگا پەیوەندیدارەکان، گفتوگۆ لەسەر بەشە خۆراک و ئاردی هاووڵاتیان و قەبارەو جۆرو میکانیزمەکانی بەردەوامبوون و گواستنەوەو دابەشکردنیان کرا.
وتیشی: پارێزگار پێشنیازو ڕاسپاردەو تێبینیەکانی پارێزگای سلێمانی بە هەماهەنگیی لەگەڵ فەرمانگا پەیوەندیدارەکاندا خستەڕوو، لەبەرامبەردا بریكاری وەزیری بازرگانی عێراق دڵنیایان کردینەوە لە بەردەوامبوونی بەشە خۆراک و ئاردی هاووڵاتیان.
ئاشكراشیكرد: حکومەتی ئیتحادی بڕیاریداوە کە هەموو بڕی بەرهەمهێنراوی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران دەکڕێتەوە، بۆ هەر تەنێک بڕی (٧٥٠.٠٠٠) دینار دیاریکراوەو تا ڕێژەی (٢٠٪)ی ئەو نرخەش ئەگەری زیادکردنی هەیە، هەموو کارئاسانیەکیش بۆ جوتیاران دەکرێت و بۆ جیاوازی نرخی گەنمی وەرگیراوی ساڵی (٢٠٢١)یش بۆ هەر تەنێک پەنجا هەزار دینار زیاد دەکرێت، ڕەزامەندیشیان لەسەر خەرجکردنی مافی دارایی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵانی (٢٠١١ تا ٢٠١٦) داوە، لە زووترین کاتیشدا بەشە ئاردو خۆراکی پارێزگای سلێمانی دەگەیەننە عەمبارەکانی سلێمانی و بەردەوامیش دەبن.