بەغداد ـ INA
حەسەن نازم وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند: ئەنجومەنی وەزیران دەنگیدا بە گواستنەوەی خاوەندارێتی نەخۆشخانەكان بۆ وەزارەتی تەندروستی.
نازم لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیراندا كە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەیبوو، رایگەیاند: مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران لە کردنەوەی دانیشتنەکەدا جەختی لەوەکردەوە کەحکومەت تا دوا خولەک کار دەکات و وەک پێشتر دووبارەمانکردەوە، وتیشی: هێشتا ئاڵنگاری هەیە و دەبێت حکومەت بە بەردەوامی کار بکات.
ئاشكراشیكرد: هانی عەقابی جێگری وەزیری تەندروستی میوانداری کرا و لە ئەنجومەندا دۆخی پەتا پێشکەشکرا، و وتیشی: نەخۆشانی پەتاکە لە عێراق بە تایبەتی کەمبووەتەوە و زیانەکانیش زۆر کەمە و دڵنیایی هەیە دەربارەی دۆخی پەتاكە.
ئاماژەی بەوەشدا: عەقابی باسی پێویستی وەزارەتی تەندروستی کرد بەتایبەتی بۆ ئەو نەخۆشخانانەی لەسەر خانووبەرە دروستکراوە کە سەر بەوەزارەتی تەندروستی نییە بەڵکو سەر بە وەزارەتێکی دیکەیە وەک دارایی و ئەشغاڵ و ئاوەدانکردنەوە، وتیشی: ئەنجومەنی وەزیران دەنگیدا بۆ پشتگیریکردنی وەزارەتی تەندروستی بۆ گواستنەوەی خاوەندارێتی ئەو موڵکانە بۆ وەزارەتی تەندروستی چونکە ئەو موڵکانەی دروستکراون سەر بەوەزارەتی تەندروستیین.
حەسەن نازم ئاشكرایكرد: هاوكات كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران میوانداری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان سوها نەجاری كرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو ئاڵنگاریانەی کەڕووبەڕووی ژینگەی وەبەرهێنان دەبێتەوە.
وتیشی: حکومەت هەمیشە هەوڵدەدات چارەسەری ئەم دۆسیەیانە بكات.
ئاشكراشیكرد: نەجار قسەی خۆیكرد لەبارەی هەموارکردنەوەی ئەو بڕیارانەی کە دەبێتە هۆی باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان بەتایبەتی سەبارەت بە بڕیاری 245ی ساڵی 2019. وتیشی: بڕگەکانی ناو بڕیارەکە پێداچوونەوەیان بۆ کراوە و لە کۆبوونەوەکانی داهاتوی وەزاریی دووبارە ئامادە دەبێت بۆ باشترکردنی زیاتری ژینگەی وەبەرهێنان.
وتەبێژی ئەنجومەی وەزیران ئاشكراشیكرد: ڕێنماییەک هەیە لەسەر پلانی کشتوکاڵی هاوینە و هاوکاری هەیە سەبارەت بە وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
وتیشی: لە ماوەی سێ وەرزدا عێراق توشی کەموکوڕییەکی سەختی ئاو بووە، ئەولەویەتی پشتگیریکردنی پلانی کشتوکاڵی هاوینی داهاتووش گرنگە بۆ ئەو دوو وەزارەتە، لەم دۆسیەیەشدا گفتوگۆ دەکرێت بۆ ڕێککەوتن لەسەر پلانی کشتوکاڵی نەک بۆ یەک وەزارەت بەڵکو بۆ گفتوگۆو و لێکتێگەیشتن لەنێوان سەرچاوەکانی ئاو و کشتوکاڵدا.