سەرۆک كۆمار و وەزیری دەرەوەی لۆکسمبۆرگ باس له‌ره‌وشی په‌نارانی عێراقی له‌ئه‌ورۆپا ده‌كه‌ن

سیاسی
  • 29-03-2022, 15:42
  • +A -A

    به‌غدادـINA


    د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە (29ی ئازاری 2022) له‌كۆشكی سه‌لام له‌به‌غدا، پێشوازیکرد لە ژان ئەسێلبۆرن، وەزیری دەرەوەی لۆکسمبۆرگ و باس لە بارودۆخی په‌نابه‌رانی عێراقی كرد له‌ئه‌ورۆپا.

    به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق كه‌كۆپیه‌ك بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی (INA)، لەدیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان و رێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەبوارە جیاجیاکاندا، هەروەها بەگرنگییەوە باس لە هاوکاری و ھەماھەنگی هاوبەشی نێوان عێراق و یەکێتی ئەوروپا کرا، ھاوکات ئاماژەکرا بۆ دۆخی ئاوارە و ھاوڵاتیانی عێراقی دانیشتوی لۆکسمبۆرگ و ئەوروپا و پرسی ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق، بەتایبەتی ئێزدیەکان.

    لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی مرۆیی ئاوارەکانی ئۆکرانیا کرا، کە بەھۆی ئۆپراسۆنە سەربازییەکانی نێوان روسیا و ئۆکرانیا ھاتوەتە ئاراوە، ھەروەھا لێکەوتە ئابورییەکانی بۆ سەر هەمو جیهان و عێراق، جەختیشکرایەوە لەگرنگی رەتکردنەوەی بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان و گەڕانەوە بۆ دیاڵوگ بە ئامانجی ھێنانەدی ئاشتی و ئاسایش لە جیھان.

    لەلای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی لۆکسمبۆرگ هەڵوێستی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانی لە عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق دوپاتکردەوە، ھەروەھا جەختیکردەوە لەگرنگی پتەوکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان عێراق و لۆکسمبۆرگ بە ئاڕاستەی پاراستنی بەرژەوەندیی هەردو وڵات لە ئاستە جیاجیاکاندا.