بارزانی نامەیەک ئاراستەی رای گشتی دەکات

سیاسی
  • 28-03-2022, 12:21
  • +A -A

    به‌غدادـ IN
    مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نامەیەک ئاراستەی رای گشتی دەکات .
    ئەمە دەقی نامەکەیە:  
    سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكان و هێما باڵاكان  بە هیچ شێوەیەك قبووڵكراو و نیە و بەزاندنی هێڵی سوورە و زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو سووكایەتیە دەكەین كە شەوی ڕابردوو لە لایەن كەسێكەوە بە مەرجەعیەت كراوە. ئەو جۆرە هەڵسوكەوتە ناشیاوانە هیچ پەیوەندییان بە گەلی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نیە.  كوردستان خاوەنی فەرهەنگی بەرزی پێكەوەژیانە و، سووكایەتیكردن بە ڕەمز و موقەدەساتی خەڵك لە ناو فەرهەنگی گەلی كوردستان هیچ كات جێگەی نەكردووەتەوە و جێگەی نابێتەوە.  گەلی كوردستان ڕێز و پێزانینێكی زۆری بۆ مەرجەعیەت هەیە و پەیوەندیی مێژوویی و دۆستایەتی و هاوسۆزیی نێوان بارزانیی نەمر و  ئایەتوڵڵا حەكیم و شەهید سەدر گەواهیە بۆ ئەو پەیوەندیی و دۆستایەتیە دێرینە. ئەو كەسەش كە سووكایەتی كردووە لە لایەن یاساوە گیراوە و سزای تاوان و زێدەڕۆیی خۆی دەداتەوە.
    هەروەها زۆر بە توندی ئیدانەی سووتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دەكەین كە ئەوە بۆ دووەمین جارە لە لایەن كۆمەڵێك تێكدەر و شكستخواردوو ئەنجام دەدرێت و ئەمە بەڵگەیە لەسەر بوونی پاشاگەردانی و نەبوونی سەقامگیری و ئاسایش و لە ڕاستیدا ئەو گرووپانەش جگە لە خەراپەكاری و تێكدان و ئاژاوە هیچی تریان لەدەست نەهاتووە.
    مسعود بارزانی
    ٢٨ی ئاداری ٢٠٢٢