هەلێر ـ INA
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دەڵێت: ۷ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار تەرخانكراوە بۆ زیانلێكەوتوانی لافاوەكانی شاری هەولێر، ئاشكراشیكرد: زیانی هاوڵاتیان بە بڕی نزیكەی ۲۱ ملیار دینار خەمڵێنراوە.
پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ یەك شەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بینیوێتی، رایگەیاند: زیانەكانی هەردوو لافاوی دووەم و سێیەم، دووەم لە ۱۷_۱۲_۲٠۲۱ و لافاوی سێیەم لە ۱۳ی مانگی یەكی ئەمساڵ لە شاری هەولێر بەم شێوەیەبوو، هەزار و ۱۸۹ ئۆتۆمبیل و ۳٥ ماتۆڕ سكیل زیانیان بەركەوتوە، هەروەها سێ هەزار و ۱۸۳ خێزان زیانیان بەركەوتوە و ٤٠۸ خانوو زیانیان بەركەوتوە لەگەڵ ۳٥٠ دووكان.
وتیشی: كۆی زیانی هاوڵاتیان بە نزیكەی ۲۱ ملیار دینار خەمڵێنراوە ئەوە جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆر لە پرۆژە خزمەتگوزاریەكان و قوتابخانەكان و تۆڕەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و پردەكان زیانیان بەركەوتبوو.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: هەردوای رووداوەكان بۆ پێداویستی سەرەتایی بڕی ٤ ملیار و ۲٠٠ ملیۆن دینار بۆ هاوڵاتانی زیانلێكەوتوو تەرخانكراوە، هەروەها بە بڕی سێ ملیار دینار ئاوەڕۆ و تۆڕەكانی ئاو چاككراون.
پارێزگاری هەولێر وتیشی: ئەمڕۆ بڕیارماندا بە دابینكردنی ۷ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ زیانلێكەوتوانی لافاوی دووەم و سێیەمی شاری هەولێر ، لەگەڵ دابینكردنی ملیارێك و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ چاكردنی پرۆژە خزمەتگوزاریەكان.
ئاشكراشیكرد: لەچەند رۆژی داهاتودا هاوكارییەكان بەسەر زایانلێكەوتواندا دابەشدەكرێت ئەمڕۆ و سبەینێ كاری لیژنەكان بەردەوا دەبێت و لەچەند رۆژی داهاتوشدا بەپێی ئەو فۆرمانەی لەبەردەستیانە و لەدوای روداوەكان لیژنەكان گەڕاون و زیانەكانیان دەستنیشانكردوەو ئەو بڕە پارەیەش لەلایەن حكومەتی هەرێم و كەمپینەكانی خێرخوازی دابینكراوە.
وتیشی: سەرۆكی حكومەتی هەرێم لیژنیەكی لێكۆڵینەوەی لەسەر روداوەكان دروستكردوە، ئێمە دەزانین بارینی بارانێكی زۆز دەبێتە هۆی لافاو بەڵام بەتەئكید پرۆژەكانی خزمەتگوزاری و پڕكردنەوەی كەندەكان و رێرەوەكان هۆكاری ئەوەبوە زیانەكان زیاتربێت، و كارەكانی ئەو لژنەیەش لە كۆتایدایەو لەچەند رۆژی داهاتوو رادەگەیەنرێت.