سەرۆک کۆمار داوای ئەنجامدانی دیالۆگی جدی دەکات بۆ دەرباز بونی وڵات لەو دۆخە چەق بەستوە

سیاسی
  • 26-03-2022, 18:54
  • +A -A

    بەغداد ـINA 
    سەرۆک کۆماری عێراق بەیاننامەیەک سەبارەت بەرەوشی سیاسی عێراق بەڵاوکردەوە وتێدا هاتووە: تەواونه‌کردنی مافە دەستوورییەکان لە واده‌ی خۆیدا جێی داخە و پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆیەکی جدی بکەن بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی سیاسی بە گیانێکی نیشتمانپەروەری
    دوای زیاتر لە پێنج مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، نەبوونی لێکتێگەیشتنی نیشتمانی و شکستهێنانی ئەنجومەنی نوێنەران لە تەواوکردنی مافە دەستوورییەکان لە کاتی خۆیدا، جێگەی نیگه‌رانی و دڵەراوکێیە، چونکە بەردەوامبوون و گەیشتن بە چەقبەستوویی سیاسی لەم ساتەوەختەدا کە وڵات ڕووبەڕووی ئاڵینگاری گەورە بووەتەوە چیتر مایەیی قبوڵکردن نییە.
    ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە له‌ خودی خۆیدا ئامانجێک نەبوو، بەڵکو ئامرازێک بوو بۆ ئه‌نجامدانی چاکسازی بنەڕەتی و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و باشترکردنی بارودۆخی گشتی وڵات و وەڵامدانەوەی داخوازییە ڕەواکانی گەلی عێراق، پەرلەمانی ئێستاش به‌رئەنجامی ھەڵبژاردنی پێشوەختەیه‌ و بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لەسەر شانە، چونکە ده‌رهاویشته‌ی داواکاری بزووتنەوەی جەماوەری و کۆدەنگییەکی نیشتمانی بەرفراوانه‌ بۆ ڕاستکردنەوەی ھەڵەکانی ڕابردوو و کۆتاییهێنان بە قەیرانە سیاسییە هەڵپەسێردراوەکانی وڵات، نەک بەردەوامیدان بە کێشە و قەیرانەکان.
    بۆیە هێزە سیاسییەکان ئەمڕۆ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوەی نیشتمانیدان، چونکە وڵات بە هەلومەرجێکی دژواردا تێده‌په‌ڕێت و كه‌ له‌ ھەموو كاتێكی دیكه‌ ناسكتر و هه‌ستیارتره‌، بۆیە گرنگە بە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و بە گیانێکی نیشتمانپەروەریی و بە کردار لەو قەیرانەی ئێستاش دەرباز بین، بە ئاڕاستەی ھێنانەدی داواکارییە نیشتمانییەکان کە خۆی لە پێکھێنانی حکومەتێکی بەتوانای کارا دەبینێتەوە کە بتوانی بەرژەوەندییەکانی وڵات بپارێزێت و سەروەری و سه‌قامگیرییه‌كه‌یشی به‌هێزتر بكات و داواكارییه‌ ڕەواکانی گەلی عێراقیش بێنێته‌دی.
    لەم سۆنگەیەوە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەین زۆر به‌خێرایی و بێ دواخستن دەست بکەن بە دیالۆگێكی جدی و کارا بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی ئێستا و پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و عێراقییەکان، بە ڕەچاوکردنی هەلومەرجی ناوچەکە و دۆخی نێودەوڵەتی و ئاڵینگارییە ناوخۆییەکان، بە تایبەتی دۆخی ئابووری کە وا دەخوازێت یەکڕیزی ناوخۆیی پتەوتر بکەین و سازان و بەیەکگەیشتن بکەین بە کاری لە پێشینە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی ئێستا و ھێنانەکایەوەی داواکاری هاووڵاتیان کە چیتر ناتوانن ئارام بگرن، ئه‌وان چاوه‌ڕوانی پێکهێنانی دەسەڵاتێکن  کە گوزارشت له‌ خواست و ھیواکانیان بكات و ژیانێکی ئازاد و خۆشگوزەرانییه‌كی باشتیریان بۆ ده‌سته‌به‌ر یكات".


    به‌رهه‌م ساڵح 
    سه‌رۆك كۆمار