بەغداد ـ INA
مستەفا هیتی نەقیبی دەرمانسازانی عێراق دەڵێت: جێبەجێکردنی سیستەمی دەرمان بە دۆلار پەیوەستە بەبڕیاری حکومەتەوە و هاوکات گرنگی جێبەجێکردنی سیستمەكەش بۆ کەمکردنەوەی نرخی دەرمان و رێگرتن لە بەرزبوونەوەی ڕووندەكاتەوە. مستەفا هیتی ئەمڕۆ شەممە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: نوسراوێك لەسەر سیستەمی دەرمان بە دۆلار ڕادەستی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران کراوە و چاوەڕێی بڕیاری جێبەجێکردنی دەکەن. وتیشی: سێ لایەنی گرنگ هەیە کە پێویستە قسەی خۆیان هەبێت لەسەر پرسی جێبەجێکردنی سیستەمی دەرمان بە دۆلار ئەوانیش بریتین لە وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی. ئاشكراشیكرد: سیستمی دەرمان بە دۆلار بڕیار دەدات ڕێژەی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر بە 1200 دینار بژمێردرێت نەک 1470 و ئەوەش پێویستی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەبێت. رونیشیكردەوە: ئامانجی ئەم پرۆژەیە کۆنترۆڵکردنی نرخی دەرمان و کەمکردنەوەی تێچوونیەتی، جگە لەوەی کە هەموو دەرمانەکان بە کۆنتڕۆڵی دەرماندا تێدەپەڕێت و سەلامەتی و کاریگەری پارێزراوە . پێشتر سەندیكای دەرمانسازان ئامادەکردنی پڕۆژە یاسایەکی ڕاگەیاندبوو بەناوی (دۆلاری دەرمانسازیی) بەئامانجی گەڕاندنەوەی نرخی دەرمان بۆ ئەو سەردەمەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەرزنەكرابوەوە.