وەزارەتی بازرگانی عێراق: كار بۆ دابەشكردنی قۆناغی سێیەمی بەشەخۆراكی مانگانە دەكەین

ئابوری
  • 24-03-2022, 23:50
  • +A -A

    بەغداد ـ INA 
    وەزارەتی بازرگان ئەمڕۆ ئاشكراكرد هەوڵەكانیان دەستپێكردوە بەمەبەستی دابەشكردنی قۆناغی سێیەمی بەشەخۆراكی مانگانەی هاوڵاتیان لەمانگی ڕەمەزاندا. ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد ئەگەر بمانەوەێت چەند ماددەیەك بۆ سەبەتەی خۆراك  زیاد بكەین ئەوە پێویستی بە بودجەی زیاترە. 
    محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی لە لێدوانێكی بۆ كەناڵی ئەخباریە و  ئاژانسی هەواڵی عێراقی پێداچونەوەی بۆكرد لەڕێگەی لیژنەكانیشەوە رێگری لە بەرزبونەوەی نرخی خۆراك و پێداویستی رۆژانەی هاوڵاتیان دەكەن.لیژنە هاوبەشەكان لەنێوان وەزارەتەكانی بازرگانی و ناوخۆ پێكهێندراون بۆئەوەی بەدواداچون بۆ نرخ لەبازاڕەكان بكەن و روبەڕوی دیاردەی قۆرخكاری ببنەوە، تا ئێستاش لیژنەكان توانیویانە ژمارەیەكی زۆر سەرپێچیكار دەستگیربكەن و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەنجامبدەن. 
    حەنون وتی "زیادكردنی هەر بابەتێك بۆ سەبەتەی خۆراكی پێویستی بەتەرخانكردنی بودجە هەیە، لەو ڕوەشەوە چاوەرێی ئەوە دەكەین كە ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری گرنگ بدات بەئاراستەی پشتگیریكردنی كۆبۆنی خۆراك و زیادكردنی ماددە خۆراكییەكان". 
    ناوبراو باسی لەوەشكرد، وەزارەتی بازرگانی دو قۆناغی بەشە ئاردی ئامادەكردوە، ئەمڕۆش دابەشكردنی 50٪ قۆناغی نوێی بەشە خۆراكی دەستپێكردوە، بۆیە جموجوڵی بازاڕ بە دابینكردنی سەرجەم ماددەكانی بەشەخۆراكی مانگانە زیاتر دەبێت و هاوڵاتیانی عێراقیش دڵنیا دەكەینەوە پرۆسەی دابەشكردنی ماددە خۆراكییەكان بەپێی كۆبۆنی خۆراك بەردەوامە، لەئێستاشدا كاردەكەین بۆئەوەی لە مانگی ڕەمەزاندا قۆناغی سێیەمی بەشە خۆراكی دابەشبكەین". 
    وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەشكردوە، "لە سەرەتای قەیرانی ڕوسیا و ئۆكرانیاوە، وەزارەتی بازرگانی هۆشداریداوە كە گرێبەستێكی پێنج ساڵەی لەگەڵ كەرتی تایبەتدا هەیە، ئەم كەرتەش ناچار دەكات هەمو بابەتەكانی سەبەتەی خۆراك دابینبكات، هەروەها وەزارەتی بازرگانیش پابەندە بە دابینكردنی بەشە ئاردی مانگانەوە". 
    وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی وتیشی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پشتگیری كەرتی كشتوكاڵ و پشتگیریكردنی جوتیاران و زیادكردنی نرخی گەنم و كردنەوەی هاوردەی ماددە گرنگەكان بۆ ماوەی دو مانگ، دەبێتە هۆی دابەزاندنی نرخ لە بازاڕی ناوخۆ و كۆنترۆڵكردنی بازاڕ.