ـ INA سلیمانیة ـ کوكز رحمن
درەنگانی شەوی رابردوو لە گەڕەكی بەكرەجۆ سێ کەس کە چەکی بێ مەوڵەتیان پێ بوو و تەقەیان كردووە لەلایەن پۆلیسی سلێمانی دەست بەسەر چەكەكانیشیاندا گیراوە.
لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی عێراقی (INA) سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند کە دوای ئەوەی شەوی رابردوو لەسنوری گەڕەكی بەكرەجۆ دەنگی تەقە بیسترا، دەستبەجێ مەفرەزەكانی نوسینگەی بەكرەجۆی نەهێشتنی تاوان لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكرد.
رونیشكراوەتەوە، دوای گەڕان و بەدواداچوون تونرا تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و دەستگیر بكرێن و دەستیش بگیرێت بەسەر سێ چەك لە جۆری دەمانچە و ئۆتۆمبێلێك كە بە تۆمەتباران بووە .
پۆلیسی سلێمانی جەختی لەوەش كردووەتەوە، لەئێستادا هەرسێ تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
سەبارەت بەدیاردەی چەک ھەڵگرتن بەبێ مەوڵەت وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتی ئێمە لەرێگای بازگەو مەفرەزەکانمانەوە بەردەوام لەھەوڵی رێوشوێنە توندەکانین و پێویستمان بە توندکردنی سزاکانی ھەیە کە لەپەرلەمانەوە یاساکە ھەموار بکرێتەوە تا ئەو دیاردەیە تەواو بنبڕ بێت .