بهغدادـ INA
د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی ئازاری 2022 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە ئەلێکسندەر بورفجینکۆف، کاربەڕێکەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە عێراق.
لەدیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بارودۆخی ھاووڵاتیانی عێراقی دانشتووی ئۆکرانیا و ئاسانکاری بۆ رایکردنی کارەکانیان، ھەروەھا بەگرنگییەوە باس لە دۆخی مرۆیی و لێکەوتە ئابوورییەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بۆ سەر جیھان کرا، ھاوکات دووپاتکرایەوە لە رەتکردنەوەی لۆژیکی بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی بۆ یەکلایکردنەوەی ململانێکان. ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم دووپاتیکردەوە لەگرنگی پشتبەستن بە دیالۆگ و بەیەکگەیشتن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە و رێگەگرتن لە ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخەکە، کە زیانی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی ھەیە، ھەروەھا جەختیکردەوە لە گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ رێگرتن لە خراپکردنی دۆخی مرۆیی و ئابووری، ھەروەک جەختیشیکردەوە لە رێزگرتن لە بنەماکانی سەروەری و کارکردن بۆ پتەوکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان بە ئاڕاستەی ھێنانەکایەوەی ئاشتی و ئاسایش.