بەدواداچوون – ا ه ع ڤلادمیر پوتین سەرۆكی ڕوسیا ئەمرۆ پێنج شەممە، ڕایگەیاند وڵاتەكەی تاقیكردنەوەی لەسەر ژمارەیەك چەكی ئەتۆمی ئەنجامداوە كە هیچ كەس و سیستمیكی بەرگری موشەكی ناتوانێت ڕووبەڕووی ببێتەوە . لەمیانی پەیامی ساڵانەیدا بۆ ئەنجومەنی فیدراڵی وڵاتەكەی، سەرۆكی روسیا ڕایگەیاند وڵاتەكەی موشەكێكی بالیستی نوێی كیشوەربڕی پەرەپێداوە كە كارێكی قورسە لەلایەن سیستمی دژەموشەكەوە بخرێتەخوارەوە و لەتواناشیدایە بگاتە هەموو شوێنێكی جیهان . پوتن ئاشكراشیكرد" وڵاتەكەی كڵاوەیەكی ئەتۆمی پچوكی پەرەپێداوە كە دەتوانرێت موشەكی كروزی لێببەسترێت و ناتوانرێت لەلایەن سیستمی ڕادارەوە ئاشكرابكرێت ". ڕاشیگەیاند وڵاتەكەی خاوەنی جۆرەچەكێكە كە خێراییەكەیان زیاترە لەخێرایی دەنگ و بەهەمان شێوە ناتوانرێت لەلایەن سیستمی ڕادارەوە ئاشكرابكرێن، هەروەك خاوەنی چەك وموشەكی ئەوتۆیە كە هیچ وڵاتێكی دیكە نیانە . سەرچاوە: ئاژانسەكان