وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماری هاتنی گەشتیارانی بۆ هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە

ناوخۆ
  • 21-03-2022, 15:00
  • +A -A

    هەولێر_(INA)
    وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە ئاماری هاتنی گەشتیارانی بڵاوكردۆتەوە و ڕایگەیاند، لەماوەی 5 ڕۆژدا زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان. 
    لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوبرا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA)کەوتووە رایگەیاند:"بەپێی ئامارەكانی تا ئێستا  تۆمار كراون لەماوەی 15ی ئادار تا دوێنێ یەكشەممە، زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی هەولێر و سلێمانییان كردووە كە زۆربەیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون." 
    ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە زیاتر لە 52 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی هەولێر و زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشیارییەكانی سلێمانییان كردووە. 
    لە بەیاننامەكەیدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار  روونیكردەوە كە لەماوەی چەند ڕۆژی پێش هاتنی جەژنی نەورۆزدا، هەڵمەتێكی فراوانییان لەسەر ئاستی هەموو كوردستان بۆ خاوێنكردنەوەی شوێنە گەشتیارییەكان جێبەجێ كرد و ئەم هەڵمەتەش لەدوای جێهێشتنی گەشتیاران لەو شوێنانە بەردەوام دەبێت. جەختیشی كردۆتەوە كە هیوادارن سروشتی جوانی كوردستان بە خاوێنی ڕابگرن.