پارێزگاری هەولێر: هیچ جۆرێك رێگە بە قۆرخكاری نادەین

ناوخۆ
  • 16-03-2022, 19:00
  • +A -A

    هەولێر_(INA)
    بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ ژووری ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی نرخ لە سنووری پارێزگای هەولێر یەكەم كۆبوونەوەی خۆی كرد. لەو بارەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA)چاودێری کردووە رایگەیاند:"لە كۆبوونەوەكەدا چەند بڕیارێكیان داوە كە لە 24ئەم مانگەوە تاوەكو 24-مانگی داهاتوو وەكو ئەزموون كاریان پێدەكرێت. 
    ئۆمێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەیشكرد 14 بەنزینخانەیان بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت و تاكسی و پاسەكان دیاریكراووە كە رۆژێك بەنزین دەدەنە ئۆتۆمبێلی تابلۆ ژمارە تاك و رۆژێكیش بۆ تابلۆ ژمارە جووت دەبێت. هەروەها لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین وتی یەكێك لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخ جیهانییە. بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی هەمانە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە هیچ جۆرێك رێگە بە قۆرخكاری نادەین و رێكارەكان تووندتر و بەردەوامتر دەبن بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخ لە بازاڕ. بەڵام ئەو پێداویستیانەی لە رووی جیهانیەوە نرخەكانیان بەرزبووەتەوە ئێمە ناتوانین رێگری لێبكەین. 
    پارێزگاری هەولێر لە درێژەی خستنەڕووی بڕیارەكان هەروەها ووتی: كردنەوەی دەروازەكانی پارێزگای هەولێر بۆ ئەو بازرگانانەی بازرگانی بە سووتەمەنی دەكەن دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە چوارچێوەی ڕێنماییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان. 
    هەروەهاوتیشی بەردەوام لە هەماهەنگی دەبین بۆ ئەوەی بڕی پێویست و نەوت و گاز، لەگەڵ بڕی پێویستی ئارد بۆ نانەواخانەكان دابین بكەین. 
    ئاماژەی بەوەشدا كە هەروەها 20% داشكاندن لە نرخی كارەبا بۆ نانەواخانە  و سەموونخانەكان دەكرێت، بەمجۆرەش نرخی نان و سەموون هەروەكو پێشتر دەمێنێتەوە. 
    جەختیشی كردەوە كە لە هەماهەنگییەكانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان  بۆ چاودێریكردن و كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕ بەردەوام دەبن.