كازمى فەرمانی کرد هەموو ئەو کەسانەی قۆرخکاری دەکەن و نرخی خۆراک بەرزدەکەنەوە روبەڕوی یاسا بکرێنەوە

سیاسی
  • 9-03-2022, 15:48
  • +A -A

    به‌غدا-(INA )
    مسته‌فا كازمى سەرۆک وەزیران ئه‌مڕۆ رایگەیاند، فەرمانی کردوە بە هێزە ئەمنییەکان هەمو ئەو کەسانەی قۆرخکاری دەکەن و بەبێ هۆکار نرخی مادە خۆراکییەکان بەرزدەکەنەوە، روبەڕوی یاسا بکرێنەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، هەروەها بڕیاردراوە بە گەرەنتیکردنی ئاسایشی خۆراک و ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی زیاتری ئەو بەرهەمە خۆراکیانەی لەبازاردا کەمبونەتەوە.  
    نوسینگه‌ى راگه‌یاندنى سه‌رۆك وه‌زیران له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ ده‌ستى ئاژانسى هه‌واَى عێراقى(INA)كه‌وتووه‌ رایگه‌یاند:"ئەنجومەنی وەزاری تایبەت بە ئاسایشی نیشتیمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران کۆبوەوە، ئامانجی کۆبونوەکە تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنی، ئاسایشی خۆراک، کاریگەرییە جیهانییەکان لەسەر بەهای خۆراک و گەرەنتیکردنی بەردەوامی بازرگانی بو، هەروەها لەکۆبونەوەکەدا باس لە بەرزبونەوەی بەهای مادە خۆراکییەکان و بەرزبونەوەی بەهای نەوت کراوە".
    ئاماژەی بەوەکردوە، سەرۆک وەزیران هێزە ئەمنییەکانی راسپارد روبەڕوی ئەوان ببنەوە کە بەنایاسایی نرخی خۆراک بەرزدەکەنەوە، هەروەها بازرگانی نایاسایی بە خۆراکی هاوڵاتیانەوە دەکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت".
    باس لەوەشکراوە" بڕیارەکانی پێشوتری ئەنجومەنی وەزیران کاریگەری هەبوە لەسەر دابەزینی بەهای خۆراک بۆ هاوڵاتیان، بۆیە مستەفا کازمی داوای کرد چاودێری وردی بازار بکرێت، هەروەها بەشەخۆراکی هاوڵاتیان لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت و  ئەو مادانەش کە لەکۆگاکاندا کەمن، هەوڵ بدرێت هاوردەبکرێن یان لەناوخۆدا بکڕدرێنەوە".
    لەراگەیەنراوەکەدا هاتوە" بڕیاردراوە بە ئامادەکردنی کۆگاکان بۆ وەرزی دروێنە و دروستکردنی کۆگای نوێ بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، هەروەها ژمارەیەک بڕیار و رێنمایی نوێش سەبارەت بە چەند پرسێکی دیکەی ئەنجومەنی وەزاری تایبەت بە ئاسایشی نیشتیمانی دەرچون".