بەغدا_(INA)
د. بەرھەم ساڵح سەرۆک كۆمار ،ئەمڕۆ یەکشەممە جەختیکردەوە لە پێویستی بەدیھێنانی مافە نیشتمانییە دەستوورییەکان بەئاڕاستەی پێکھێنانی حکومەتی تازە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA)کەوتووە رایگەیاند:"سەرۆک کۆمار لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە کۆمەڵێک سەرۆک و راگر و مامۆستایانی زانکۆکانی عێراق لە پارێزگا جیاجیاکان و لەبارەی بەرەوپێشچوونی خوێندنی باڵا و بارودۆخی سیاسی گشتی وڵات گفتوگۆکرا".
لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم رایگەیاند، زانکۆکانی عێراق لەمێژە ناوبانگێکی باشیان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا بەدەستهێناوە، سەرەڕای ئەو گرفتانەی کە لە ماوەی رابردوودا رووبەڕوویان بووەتەوە، ھەروەھا ئاماژەیکرد بەوەی لێهاتوویی زانستی و ئەکادیمی عێراق لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بایەخی خۆیان سەلماندووە، ھاوکات دووپاتیکردەوە لەگرنگی پاراستنی پێگەی خوێندنی ئەکادیمی و مسۆگەرکردنی سەربەخۆیی زانستی زانکۆکان.
سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی وڵاتیش، سەرۆک کۆمار جەختیکردووە لەپێویستی پشتیوانیکردن لە بەدیھێنانی مافە دەستوورییە نیشتمانییەکان، ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کە پەرلەمانی نوێ و ئەو حکومەتەی دەبێتە جێی متمانەی پەرلەمان، حکومەتێکی جیاواز دەبێت بەھۆی ئەوەی چاوەروانی زۆری لێی دەکرێت، چونکە دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختە و وەڵامدانەوەی بزووتنەوە جەماوەری و رای گشتییە، کە چیتر ناکرێت دۆخەکە بەوجۆرە بەردەوام بێت و پێویستە چاکسازی بنەڕەتی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی بێتەئاراوە.
سەرۆک کۆمار ئەوەشی خستەڕوو زۆر گرنگە حوکمڕانی دروست لە رێگەی گرێبەستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی تازە بێتەکایەوە، وەک پێویستییەکی جدی بۆ تێپەراندنی قۆناغەکە، بەوپێیەیی هەلومەرجی سیاسی و ئابووری ناوخۆیی و پێشکەوتنە خێراکانی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی وادەخوازیت، ھەروەھا ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە داڕشتنی ئەم گرێبەستە بە بەشداری رای گشتی نیشتمانی و چالاکییە سیاسی و ئەکادیمی و کۆمەڵایەتییەکان بێت.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم دووپاتیکردەوە دووربوونی عێراق لە رۆڵی محوەری لەناوچەکەدا لەماوەی چوار دەیەی رابردوودا بەهۆی قەیرانە ناوخۆییەکان رەنگدانەوەی لەسەر ناسەقامگیریی ناوخۆیی و ھەروەھا بۆ ناوچەکەش هەبووەوە، ھاوکات بەگرنگییەوە باسی لەو ھەوڵانە کرد کە نراوە بەرەو دووبارە گەڕانەوەی عێراق بۆ دۆخی ئاسایی خۆی لە ناوچەکەدا لە رێگەی رەھەندە نیشتمانییەکان لەسەر بنەمای رەتکردنەوەی کە عێراق ببێتە گۆرەپانی یەکلایکردنەوەی ململانێکان، بەڵکو گرنگە عێراق ببێتە پردێک بۆ بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندی گشت گەلانی ناوچەکە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار گوێی لە روونکردنەوەیەکی وردی ئەندامانی شاندی کاری زانکۆکان گرت سەبارەت بەو ئاڵینگارییانەی کە رووبەڕووی کەرتی خوێندن دەبێتەوە لە وڵات، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆک بەرھەم پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ بەزرکردنەوەی ئاستی خوێندن لە زانکۆکان و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان دووپاتیکردەوە.