بەغداد ـ INA
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران تەئكید لەگرنگی پاراستنی كۆگای ستراتیژی بۆ خۆراكە بنەڕەتیەكان دەكاتەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ یەك شەممە لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)كەوتوە، رایگەیاند: کازمی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد کە تایبەت بوو بەگفتوگۆکردن لەسەر ئاسایشی خۆراک و گرانی نرخی شتومەک و خۆراک لەبازاڕەکان، بەئامادەبوونی وەزیرانی دارایی و دەرەوەو پلاندانان و بازرگانی و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوو پیشەسازی و ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەک لە راوێژكارەكان.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە زامنکردنی ئاسایشی خۆراک و ئامادەیی وەزارەتەکان کرا بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە لە بەر ڕۆشنایی قەیرانی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا.
هەروەها کازمی گرنگیی پاراستنی كۆگای ستراتیژی خۆراکە بنەڕەتیەكان و زاڵبوون بەسەر ئەو بەربەستانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە خستەڕوو.
هەر لە كۆبونەوەكەدا کازمی وەزارەتەکانی دارایی و بازرگانی و کشتوکاڵ راسپارد بۆ ئەوەی ئەو خاڵە سەرەکیانەی لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەسەرکرا هەڵوێست وەربگرن و مەسەلەی ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی كۆگای ستراتیژی بخەنە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزاری و بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە بدرێت.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە: لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئاو لە عێراق و ڕێنماییەکان کرا بۆ دابینکردنی بەشە ئاوی پێویست بۆ بەروبومە کشتووکاڵیەكان، بەتایبەتی بەروبومە بنەڕەتیەكان.