جۆو بایدن لە وتاری ساڵانەیدا: سەرۆكی روسیا بەهەڵەدا چووە

جیهانی
  • 2-03-2022, 10:30
  • +A -A

    بەدواداچون ـ INA
    جۆو بایدن رایگەیاند: سەرۆکی ڕووسیا بە هەڵەداچووبوو، كە پێیوابوو جیهان بێ دەنگ دەبێت لە ئاست هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا، بەڵام نەیدەزانی ڕووبەڕووی کاردانەوەیەک دەبێتەوە کە هەرگیز بە هزریدا نەهاتووە. 
    جۆو سەرۆکی ئەمریكا لە وتاری ساڵانەی خۆیدا بە پرسی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپـێکرد و جەختی کردەوە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لەسەر سەپاندنی سزای توند بەسەر مۆسکۆ لە بەرامبەر خواستی ڕووسیا بۆ کۆنترڵکردنی ئۆکرانیا. 
    سەبارەت بە سزاکانی سەر ڕوسیا، جۆو بایدن رایگەیاند: وڵاتانی ئەوروپا بە سویسراشەوە لەگەڵ ژاپۆن و ئوسترالیا و کۆریای باشور و نیوزیلاندا و چەندان وڵاتی دیکە سزایان سەپاندووە بەسەر ڕووسیا و ئەمریكاش بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانەکانی سزای توند بەسەر مۆسکۆ دەسەپێنێت.
وتیشی: ڤلادیمیر پوتن ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر لەسەر ئاستی جیهان گۆشەگیرکراوە.
سەرۆکی ئەمریكا ئاماژەی بۆ ئەو هاوکاریانەش کرد کەپـێشکەشی ئۆکرانیـیەکان دەکرێت، و وتی ئەمریكا بەهاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانەکانی پشتیوانی لەئۆکرانیـیەکان دەکات لە خەباتیان لە پێناو ئازادی، ئەمەش بە ڕێگەی یارمەتی لەشکری، ئابوری، کۆمەکی مرۆیی، لەگەڵ ئەوانەشدا ئەمریكا ڕاستەوخۆ زیاتر لە یەک ملیار دۆلار وەک یارمەتی پـێشکەشی ئۆکرانیا دەکات.
جارێكی تر دووپاتیکردەوە هێزی لەشکری ئەمریكا ناچێتە ناو شەڕەکەوە، بەڵام ئەگەربێت و پوتن زیاتر بەرەوە ڕۆژئاوا بڕوات ئەوا ئەمریکا و هاوپەیمانانی بە توندی بەرگری لە هەر بستە خاکێکی وڵاتانی ناتۆ دەکەن.
هەر لە وتاری ساڵانەی خۆیدا جۆو بایدن وتی: خەڵکی ئۆکرانیا لە سەرۆک ڤلۆدیمیر زێلێنسکیـیەوە هەتا هەر تاکێکی ئۆکرانی بوێرانە ڕووبەڕووی ڕووسیا بوونەوە، خەڵکی بە جەستەیان لە بەرامبەر تانکەکانی ڕووسیا وەستاونەتەوە، لە خوێندکارەوە هەتا مامۆستای خانەنشین چەکیان هەڵگرتووە بۆ بەرگریکردن لە نیشتمانەکەیان. 
    ئۆکسانا مارکارۆڤا، باڵیۆزی ئۆکرانیا لە ئەمریكا کە میوانداری کرابوو بۆ ئامادەبون لە پێشكەشكردنی وتاری ساڵانەی جۆو باین بە هەستانە سەر پێ و چەپڵەلێدانەوە پـێزانینی خۆی بۆ پشتیوانیـیەکانی ئەمەریکا بۆ وڵاتەکەی دەردەبڕی.