بەغداد - INA
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند: حکومەت کاریکردووە بۆ وشککردنەوەی سەرچاوەکانی تیرۆر، وتیشی: فەتوای جیهاد سەرەتایەک بوو بۆ وەستاندنی فراوانخوازیەكانی داعش.
ئەعرەجی لە میانەی بەشداریکردنی لە یەکەمین کۆنفرانسی نیشتمانی بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی و تیرۆریزم کە لە لایەن ئەمیندارێتی گشتی عەتەبەی حسێنیەی پیرۆز رێكخرابوو، لە وتارێكدا كە دەقەكەی دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) كەوتوە، رایگەیاند: سەرەتای تیرۆر و توندڕەوی ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی قاعیدە و داعش، ئیمام حسێن (سەلامی خوای لێ بێت) قوربانی توندڕەوی و تیرۆریزمە، وتیشی: عێراق لە ڕوبەڕبونەوەی گەورە لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا هەزاران قوربانی بەخشیوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: فەتوای جیهادی کارا سەرەتایەک بوو بۆ وەستاندنی فراوانخوازییەكانی داعش و كشانی بۆ تەوای ناوچەكە، وتیشی: فرەڕەنگی پێكهاتەیی هێزە بۆ عێراق و عێراقییەکان بە هەمەچەشنیی خۆیان و هەموو پێکهاتەکانیان بۆ گەیشتن بە فەتوای پیرۆزی مەرجەع کۆکرانەوە و قوربانیان داوە و سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
رونیشیكردەوە: سەرکەوتن بەسەر داعشدا لەلایەن قارەمانانی بەرگری وەك هێزەكانی ناوخۆ و دەزگای دژە تیرۆر و حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگا هەواڵگری و دەزگاکانی دیکەی پشتیوانی و هەموو عێراقییەکان بە هەموو ئینتمای جیاواز بەدەستهاتوە، وتیشی: حکومەت کاریکردووە بۆ وشککردنەوەی سەرچاوەکانی تیرۆر لەڕێگەی دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکان و بەدواداچوونی سەرکردەکانی تیرۆریستانی داعش و بەئامانجگرتنیان و لەناوبردنیان لەهەر کوێیەک بن.
ئەعرەجی باسی ئەوەشیكرد: حکومەت بە هاوکاری مەرجەعیەت و بریکار و نوێنەرەكانی ، لە ڕێگەی ئاشتەوایی کۆمەڵگا و کۆتاییهێنان بە هۆکارەکانی توندوتیژی تائیفی، هەوڵێکی زۆری داوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان.