بەغداد ـINA
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند: لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و سعودیە بۆ ناوچەکەو جیهانیش گرنگە
نوسینگەی راگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە لەبەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوە، دەڵێت: ئەعرەجی لەنووسینگەی خۆی پێشوازیكرد لە لیوا ئیسماعیل ئەحمەدی موقەدەم سەرۆکی زانکۆی بەرگری نیشتمانی ئێران و وەفدی هاوڕێی.
وتیشی: لە دیدارێكدا گفتووگۆكرا لەبارەی پەرەپێدانی رێگاكانی پەیوەندی عێراق و ئێران لە ڕێگەی هاوکاری هاوبەشەوە لەو ناوچانەی کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو وڵات و هەردوو گەلی دۆست دەکەن.
هەر لەو دیدارەدا ئەعرەجی رایگەیاند: پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ستراتیژی و مێژووییە و دەبێت سوود لە ئەزموونە کەڵەکەبووەکانی نێوان هەردوولا وەربگرین.
وتیشی: لێكتێگەیشتنی نێوان ئێران و عەرەبستانی سعودی بۆ ناوچەکە و جیهان گرنگە، عێراقیش گەشبینە كە خولی پێنجەمی گفتوگۆکان زۆر بەزوویی لەبەغداد بەڕێوەبچێت.
سەبارەت بە ڕێککەوتنی ساڵی 1975ی جەزائیر، ئەعرەجی جەختی لەوە کردەوە: كە ئەم ڕێککەوتنە گرنگە و پێویستە کارا بکرێت، بۆ بەرژەوەندی هەردوو وڵاتی دراوسێ و ئەوەشی وت: پێویستی بە ڕێکاری یاسایی هەیە بۆ ئەوەی چالاک بکرێت.
لای خۆیەوە سەرۆکی زانکۆی بەرگری نیشتمانی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هاوکاری و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لەگەڵ عێراق لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بە هاوبەشی.