ئەمریكا تەئكید لەهێرشی روسیا دەكاتەوەو مۆسكۆش رەتیدەكاتەوە

جیهانی
  • 18-02-2022, 09:00
  • +A -A

    بەدواداچون ـ INA

    جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتیدەكاتەوە مەترسییەکی گەورە هەیە لەسەر هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و روسیاش پلانی داگیركردنی ئۆكرانیا رەتدەكاتەوەو دەڵێت: تۆمەتەكانی ئەمریكا و ناتۆ بێ بنەمان.
    جۆو بایدن لە لێدوانێکیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند: ئەمەریکا هیچ ئاماژەیەکی نەبینیوە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە سنووری ئۆکرانیا کە ڕووسیا بانگەشەی بۆ کردووە.
    وتیشی: هەموو ئەو شتانەی کە لە بەردەستدان نیشانی دەدەن کە ئامادەن بچنە ناو ئۆکرانیاوە و هێرش بکەنە سەر ئەو وڵاتە.
    لەبەرامبەردا روسیا پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیا ڕەتدەكاتەوەو، وتەبێژی کرێملنیش رایگەیاند: تۆمەتە بێ بنەماکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕەتدەکەنەوە سەبارەت بەوەی ڕووسیا هێزەکانی لەنزیک سنووری ئۆکرانیا ناکشێنێتەوە و وتیشی: کۆکردنەوە و گەڕاندنەوەی سەربازەکان دوای مەشقەکان کاتی دەوێت.
دمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملن راشیگەیاند: وەزارەتی بەرگری ڕووسیا خشتەیەکی کاتی ڕوونی هەبووە بۆ گەڕاندنەوەی یەکە سەربازییەکان بۆ بنکە هەمیشەییەکانیان.
رونیشیكردوە: ئەوە ئاشکرایە کە پۆڵێنکردنی سەربازەکان بۆ مەشقە سەربازییەکان چەند هەفتەیەکی زۆری خایاند، بێگومان مەحاڵە لە تەنها یەک ڕۆژدا بکشێیتەوەو ناتوانن هەروا بە ئاسانی بڕۆن و بگەڕێنەوە، کاتی دەوێت.
    لەلایەكی ترەوە تۆماس گرینفیڵد نوێنەری ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداری دا کە ڕووسیا هێشتا بەرەو "هێرشێکی نزیک" بۆ سەر ئۆکرانیا دەڕوات.
    وتیشی: ئامانجمان ئەوەیە مەترسی دۆخەکە نیشان بدەین. بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕووسیا بەرەو هێرشێکی نزیک دەڕوات و ئەمە کاتێکی یەکلاکەرەوەیە.