زێدان:پەرلەمان لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەکی مێژوییدایە کە ئەویش هەموارکردنەوەی دەستورە

سیاسی
  • 14-02-2022, 12:08
  • +A -A

    بةغدا-(INA)
    فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ،ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌،رایگه‌یاند پەرلەمان لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەکی مێژوییدایە کە ئەویش هەموارکردنەوەی دەستورە .
    سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری له‌ به‌یانامه‌یه‌كدا كه‌ ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(INA) کەوتووه‌ رایگه‌یاند:"دەستور بنەمای دیاریکردنی شێوەی دەوڵەت، حکومەت و سیستمی حکومڕانییە و بنەمای جیاکردنەوە دەسەڵاتەکانە، هەروەها دەستەبەری پاراستنی مافی هاوڵاتیان و گەرەنتی پاراستنی ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانە".
    ئاماژەی بەوەكرد" دەستور ساڵی 2005 لەکاتێکی جیاواز و تایبەتدا نوسراوە و سەرجەم بەشداربوانی پرۆسەی سیاسی جەخت دەکەنەوە لەسەر هەموارکردنەوەی، بەهۆی ئەوەی لەزیاد لەبۆنەیەکدا دەستور پێشێل کراوە و بەشێک لە مادە دەستورییەکان لەگەڵ پێداویستی ئەم قۆناغەدا یەکناگرنەوە لەوانەش بونی مەرجی ئامادەبونی دو لەسەر پەرلەمانتاران بۆ (یەکەم کۆبونەوەی پەرلەمان، دەرکردنی یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و هەڵبژاردنی دادوەرانی دادگای فیدڕاڵی)، ئەوەش هەندێکجار وڵات دەخاتە بۆشایی دەستورییەوە، ئەو مەرجەش وایکردوە لە ساڵی 2005ەوە نەتوانرێت چەند یاسا و ئەنجومەنێکی گرنگ دروست بکرێن".
    سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئەوەشی خستوەتەڕو" بەهۆی بونی ئەو مەرج و رێکارانە پەرلەمانی عێراق دوای 30 رۆژ لەیەکەم کۆبونەوە، نەیتوانی سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت بەوەش وڵات کەوتە ناو شیکردنەوەی دەستوریبونی مانەوەی سەرۆک کۆمار، هەرچەندە پێشتر و رۆژی 13ی ئەم مانگەش دادگای فیدڕاڵی بڕیاریداوە بە مانەوەی سەرۆک لەپۆستەی تا دەستبەکاربونی سەرۆکی نوێ".
    ئەوەشی خستوەتەڕو" پرسێکی دیکەی دەستور کە جێگەی مشتومڕە مادەی 76ی دەستوری تایبەت بە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کە مافی ئەوەی هەیە کاندیدی سەرۆک وەزیران پێشکەش بکات و حکومەت پێکبهێنێت، هەرچەندە پێشتر دادگای فیدڕاڵی ئەم بابەتەشی یەکلایی کردوەتەوە کە گەورەترین فراکسیۆن لەیەکەم کۆبونەوەی پەرلەمان دیاریدەکرێت کە خاوەنی زۆرترین پەرلەمانتارە، "بەڵام هەندێک لەشارەزایانی دەستوری کە منیش هاوڕام لەگەڵ ئەم بۆچونە، دەڵێن گەورەترین فراکسیۆن ئەو لیستەیە کە زۆرترین کورسی لە هەڵبژاردن بردوەتەوە، چونکە ئەم تەفسیرە زیاتر لەگەڵ ململانێی هەڵبژاردن یەکدەگرێتەوە".
    زێدان وتیشى" پەرلەمان لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەکی مێژوییدایە کە ئەویش هەموارکردنەوەی دەستورە چونکە ئەو مادانەی ئاماژەیان بۆ کراوە، دەکرێت دوبارە دابڕێژرێنەوە بەجۆرێک پێشێل نەکرێن لەوانەش لابردنی مەرجی ئامادەبونی دو لەسەر سێ بۆ کۆبونەوەکانی پەرلەمان، دیاریکردنی گەورەترین فراکسیۆن کە براوەی هەڵبژاردن بوە ئەوەش کۆتایی دەهێنێت بە مشتومڕی پێکهێنانی حکومەت کە لەساڵی 2010ەوە بەردەوامی هەیە".