هەولێر_(INA)
ئەمڕۆ دووشەممە، خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان لەسەرجەم شاروشارۆچكەكانی كوردستان بەرێوەدەچێت.
پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی هەواڵی عێراقی(INA) راەیەیاند:"كاتژمێر (3) دوای نیوەڕۆ لەیاریگای دهۆك،یانەی دهۆك میوانداری یانەی شەقڵاوەدەكات،یانەی دهۆك بە كۆكردنەوەی (22) خاڵ لەریزبەندی نۆیەمی خولەكەیە،هەروەها یانەی شەقڵاوەش بەكۆكردنەوەی (13) خاڵ لەریزبەندی پانزەم وپێش كۆتاییە،دهۆكییەكان دەرفەتێكی باشە بتوانن نێچیرێكی وەك شەقڵاوە بوەستێنن وسێ خاڵی یارییەكەی لێ وەرگرن،چونكە ئەو یانانەی لەریزبەندی هەشتەم وحەوتەم وشەشەمن،گەر تووشی شکست بن،ئەوا یانەی دهۆك تا ریزبەندی پێنجەم دێت وهەنگاوێگی گرنگ دەبێت،لەبەرنابەردا گەر شەقڵاوەییەكان بتوانن خاوەن بتۆرێنن وسێ خاڵە بۆ شەقڵاوە بێنەوە،ئەوا ئەوانیش یەك دوو پلە سەردەكەون ولە مەترسی دابەزین ودوای ریزبەندی دووردەكەونەوە.
پێشمەرگەی هەولێر خزمەتی خۆی وهەندرێن دەكات یان سیروانی نوێ !
یانەی پێشمەرگەی هەولێر ئەمڕۆ كەوتۆتە بەبینی دوو بەردە داش،كاتێك بباتەوە بۆ خۆی و هەندرێن باشە،گەر تووشی شكست بێت ئەوا بۆ سیروانی نوێ باشە،بۆیە یاری دووەم لە كاتژمێر (1) ی دوای نیوەڕۆ لەیاریگای ئاشتی لە شاری سلێمانی،یانەی سیروانی نوێ میوانداری یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەكات، یانەی سیروانی نوێ بە كۆكردنەوەی (31) خاڵ ریزبەندی دووەمی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستانی گرتووە،هەرچەندە یانەی هەندرێن لە ریزبەندی یەكەمە،بەڵام یانەی هەندرێن (17) یاری كردووە ویانەی سیروانی نوێ (16) یاری كردووە،گەر لەیاری ئەمڕۆ یانەی سیروانی نوێ لە پێشمەرگەی هەولێر بباتەوە ویانەی هەندرێنیش كە ئەمڕۆ میوانی یانەی برایەتییە و دووچاری شكست بێت،ئەوا یانەی سیروانی نوێ ریزبەندی یەكەمی خولەكە لە یانەی هەندرێن وەردەگرێت، بەڵام گەر پێشمەر گەی سلێمانی كە (21) خاڵی هەیە ولەریزبەندی دەیەمە،بتوانێ لە سیروانی نوێ بباتەوە، ئەوا پێشمەرگەی هەولێر دوو سێ هەنگاو بەرەو سەرووی ریزبەندی دەڕوات وخزمەتێكی باشی یانەی هەندرێن دەكات وئەم ركابەرە لە كۆڵ هەندرێ، دەكاتەوە.
زاخۆی دەلال لەلای وەلی دێوانە میوانە
گەر پردی دەلال لە زاخۆ بڵند و هێمن میوانی وەلی دێوانەی هەست ناسك و رەوانبێژبێت،ئەوا یارییەكی دەلال و پڕ ماڵی شەم ئەنجام دەدرێت،كاتێك وەلی دێوانە زاخۆ لەباوەش دەگرێت وكاتژمێر (1) ی دوای نیوەڕۆ یانەی سەید سادق میوانداری یانەی زاخۆی دەلال دەكات،یانەی سەید سادق تەكانێكی گرنگی بەخۆیەوە بینیوە وچەند هەنگاوی گرنگ بۆ ریزبەندی لوتكە گوزەر دەكات، گەر چەمچەمال ونەورۆز تووشی شكست بن ویانەی دەربەندیخان پشووە،ئەوا سەید سادق دێتە ریزبەندی سێیەمی خولەكە ودەبێتە (28) خاڵ،چونكە سەیدسادق ئێستا لە كۆی (17) یاری (25) خاڵی هەیە وهاندەرانی یانەی سەیدسادق ئەمساڵ بە هاندەرانی بێ وێنە هەژماردەكرێـن لە خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان،لەلایەكی ترەوە گەر یانەی زاخۆی دەلال ئەمجارەیان شێرەكانی سەیدسادق بریندار بكەن وسێ خاڵەكەیان لێوەرگرن،ئەوا یانەی زاخۆ لە پلەی سێنزەهەم چەند هەنگاوێك دەرباز دەبێت لە دابەزینی خولەكە، چونكە ئێستا یانەی زاخۆ (17) خاڵی هەیەلە كۆی (17) یاری وریزبەندی سێانزەهەمە.
جەنگی قەڵای دوو قەڵاكە !
جەنگی دوو قەڵاكەی شێروانە وهەولێری پایتەخت ئەمڕۆ لە نێو قەڵای شێروانە یەكلادەبێتەوە كاتێك
كاتژمێر (1) ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یانەی هەولێر لە قەڵای شێروانە میوانە،كاتێك یانەی شێروانە میوانداری یانەی هەولێری پایتەخت دەكات،یانەی شێروانە لە كۆی (17) یاری (18) خاڵی كۆكردۆتەوە ولە ریزبەندی یانزەمە،یانەی هەولێریش لە كۆی (17) یاری (15) خاڵی هەیە ولەریزبەندی چواردەهەمینە و ترسی دابەزین لێی نیشتووە،بۆیە گەر خاوەن ماڵ یانەی شێروانە لەم یارییە لە یانەی هەولێر ببەنەوە ودەبنە (21) خاڵ چەند هەنگاوێكی باش سەردەكەوێت،بەڵام گەر یانەی پایتەخت لە قەڵای شێروانە بباتەوە ئەوا هەولێریش تای دابەزین تۆزێك لێی دوور دەكەوێتەوە ودەبێتە (18) خاڵ، بۆیە شەڕی دوو قەڵاكە سەختە.
سۆرانیش دەیەوێت لەرێگا ئارارات لەریزبەندی ترسان دووركەوێتەوە
یانەی سۆران ئەمڕۆ كاتژمێر (3) میوانداری یانەی ئاراراتی هاوشاری خۆی دەكات، یانەی سۆران بە كۆكردنەوە (18) خاڵ،ئێستا لەریزبەندی دوانزەهەمینە،گەر لەم یارییە ئارارات ببڕێـت،ئەوا دوو سێ هەنگاوی لە سگۆشەی ترسی دابەزین دووردەكەوێتەوە،بەڵام ئێستای یانەی ئارارات گەر لە خاوەن ماڵی سۆران بباتەوە،ئەوا كۆی خاڵەكانی (26) خاڵ وبەشكست هێنانی یانەكانی پێشەخۆی،ئەوا یانەی ئارارات لە ریزبەندی سێیەم وچوارەم نزیك دەبێـتەوە،سۆران وئارارات ئەمڕۆ یەكسان بوون خزمەتیان ناكات.
برایەتی خزمەتی خۆی و سیروانی دەكات هەندرێنیش دووردەكەنەوە !.
یانەی برایەتی ئەمڕۆ كاتژمێر (3) دوای نیوەڕۆ پیشوازی لە هاوشاری خۆی یانەی هەندرێنی یەكەمی ریزبەندی دەكات، یانەی برایەتی لەكۆی (17) یاری (23) خاڵی هەیە ولە ریزبەندی حەوتەمینە،لەبەرانبەردا یانەی هەندرێن بە كۆكردنەوەی (34) خاڵ ریزبەندی یەكەمی گرتووە،یانەی برایەتی گەر لە یانەی هەندرێن بباتەوە،ئەوا خزمەتی خۆی وسیروانی نوێ دەكات،خۆی چەند هەنگاوێك بۆ سەرووی ریزبەندی دەڕوات وپلەی یەكەمیش پێشكەشی یانەی سیروانی نوێ دەكات ولە هەندرێن وەریدەگرێتەوە، بەڵام گەر هەندرێنی میوان لە خاوەن ماڵ یانەی برایەتی بباتەوە، ئەوا هەندرێن خزمەتی خۆی دەكات وسیروانی نوێش لەخۆی دووردەكاتەوە و برایەتیش بریندار دەكات.
شەڕی ریزبەندی سێیەم وچوارەم لەیاری نەورۆز وچەمچەماڵدا!
شەڕی ریزبەندی سێیەم وچوارەم ئەمڕۆ لەیاریگای زانكۆ یەكلادەبێتەوە،كاتێك ئەمڕۆ دووشەممە كاتژمێر (3) ی نیوەڕۆ یانەی نەورۆز لەیاریگای زانكۆ میوانداری یانەی چەمچەماڵ دەكات،یانەی نەورۆز لەكۆی (17) یاری،(27) خاڵی هەیە وریزبەندی سێیەمی خولی تۆپی پێی نایابی كوردستانی گرتووە،یانەی چەمچەماڵی میوانیش لە كۆی (17) یاری (26) خاڵی هەیە وریزبەندی چوارەمی گرتووە،شەڕی ریزبەندی سێیەم وچوارەم ئەمڕۆ گەرمتر لە پەنگەر،كاتێك شەڕەكە بۆ بەدەستهێنانی ریزبەندی بەرزتر و شكۆدارترە دەبێت،بۆ ئەوەی بسەلمێنن دوو زلهێزی خولی نایاب لە زانكۆ شەڕەكە بەكۆتادێنن،چونكە چەمچەماڵ گەرمتر هەنگاو دەنێ،بەڵام نەورۆز لەنێو هاندەران وخاوەن یاریگا دەبێـتە فاكتەرێك وهاندەرێكی باش بۆ بەدەسستهێنانی سێ خاڵی یارییەكە،بەڵام یانەی چەمچەماڵ لە كوێ یاری بكات،هاندەرانی لەوێ ئامادەن،هیچ جیاوازییەك ناكەن،ئەمە یاریگای خۆیانە یان هی تیپی بەرانبەر،چونكە گەرم وگوڕی وهێز وتینێكی باش و جۆش وخرۆشێكی بێ وێنەی هاندەرانی،فاكتەرێكی باشی سەركەوتن وئەنجامە باشەكانی یانەكەیە،بۆیە یاری ئەمڕِۆ قورسە وئەنجام وپێشبینیشی قورسە،بەڵام دوای لێدانی فیكەی كۆتایی داوەری یارییەكە،هەموو قورسەكان ئاسان دەبێت وئەنجامەكانیش بەدیار دەكەوێ وتەنها ئارام بگرن.
یانەی دەربەندیخان پشووە
یانەی دەربەندیخان بۆ ئەم گەڕە پشووە،یانەی دیربەندیخان لە كۆی (17) یاری (26) خاڵی كۆكردۆتەوە و لە ریزبەندی پێنجەمی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستانە،دەربەندیخانیەكان ئامانج و ئەنجام وپێشوەبردنی باشیان بەدەستهێناوە،هەنگاوەكان زۆر بە هێمینی وژیری و ووردی دەبڕن،بۆیە ئەم هەفتەیە پشوونە،پشووەكەش پشووێكی باشە بۆ گەڕی (18) دەربەندیخان وگەڕی (19) ی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان.