بەدواداچوون ـ INA
ئەمڕۆ شەممە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا و فلادیمیر پۆتن سەرۆكی روسیا پەیوەندیەكی تەلەفۆنی سەبارەت بەپەرەسەندنەکانی قەیرانی ئۆکرانیا ئەنجامدەدەن.
کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند: ڕووسیا پێشنیاریكردوە پەیوەندیەکە ڕۆژی دووشەممە بكرێت ، بەڵام کۆشکی سپی ڕۆژی شەممەی پێباش بوو.
ئاژانسی هەواڵی تاسی ڕووسیا ڕۆژی هەینی بڵاویکردەوە کە پۆتن پلانی وایە وتووێژی تەلەفۆنی لەگەڵ بایدن و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنساش ئەنجام بدات.
دیمیتری بێسکۆف وتەبێژی کرملین دەڵێت: گفتوگۆی نێوان پوتین و بایدن کاتژمێر 7 ی ئێوارەی ڕۆژی شەممە بە کاتی مۆسکۆ ئەنجامدەدرێت، و وتیشی: دەستپێشخەری دیالۆگەكە لە لایەن واشنتۆنەوە كراوە و ئەمریکا داوایەکی نوسراوی ناردوە.
وتەبێژی كرملن ئاشكراشیكرد: گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی نێوان پۆتن و ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆكی فەرەنساش خشتەی بۆ دانراوە.
پۆتن و بایدن دوایین جار لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو بەتەلەفۆن قسەیان کرد.
ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان پوتین و بایدن لەكاتێكدایە، جۆو بایدن داوا لە هاوڵاتیانی ئەمەریکا كردوە دەستبەجێ ئۆکرانیا جێبهێڵن، راشیگەیاند: ئەگەر مۆسکۆ ئۆکرانیای داگیرکرد سەرباز نانێرێت بۆ ڕزگارکردنی ئەمریکیەکان.